پوتن: به‌هیوام بایدن وه‌ك تره‌مپ نه‌بێت

"هیواخوازم له‌ داهاتوودا "بایدن" هیچ بڕیارێك به‌ تووڕه‌یی نه‌دات"

ڤلادیمیر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و "جۆ بایدن"، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
ڤلادیمیر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و "جۆ بایدن"، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

K24- هه‌ولێر:

ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكى رووسیا رایگه‌یاند، هیواخوازین "جۆ بایدن"، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌كاتى بڕیاردان وه‌ك "تره‌مپ" نه‌بێت و له‌سه‌رخۆ بێت.

پوتن ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "دۆناڵد تره‌مپ"، سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مه‌ریكا، بڕیاره‌كانى به‌هه‌ڵچوون و خێرایی ده‌رده‌كرد، به‌ڵام "بایدن" خاوه‌ن مێژووێكى كاریگه‌ر و سیاسییه‌كى دیارى جیهانه‌، له‌به‌رامبه‌ردا گوتیشى: "تره‌مپ" پیاوێكى زیره‌ك بوو.

پوتن روونیكرده‌وه‌، هیواخوازم له‌ داهاتوودا "بایدن" هیچ بڕیارێك به‌ تووڕه‌یی نه‌دات، هه‌رچه‌ند كه‌سایه‌تى "تره‌مپ" كاریگه‌ر بوو، له‌ بڕیاریدان بۆ داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا زیره‌ك و بۆچوونه‌كانىشی كاریگه‌ر بوو.

بڕیاره‌ له ‌16ى ئه‌م مانگه‌دا، لوتكه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا و رووسیا له‌ ژنێڤى پایته‌ختى سویسرا به‌رێوه‌بچێت، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ى یه‌كه‌مین گه‌شتى سیاسیی "بایدن"، دوای ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌و دیداره‌، "بایدن" رایگه‌یاند، هێرشى ئه‌لیكترۆنى رووسیا بۆ سه‌ر داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا، له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی گفتوگۆكان ده‌بێت، پوتن راشیگه‌یاند، رووسیا له‌ ساڵی 2016دا پشتگیری "تره‌مپ"ى كرد، تاوه‌كو ببێته‌ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌ستوه‌ردانى ئه‌لیكترۆنى مۆسكۆ بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مه‌ریكا.

له‌باره‌ى ئه‌و لێدوانه‌ى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا، كه‌ رایگه‌یاندبوو، "پوتن پیاوكوژه"‌، بایدن گوتى: "ئه‌وه‌ى باسمكردووه،‌ شتێكى خه‌یاڵى نییه‌، چونكه‌  به‌ بڕیارى پوتن كرده‌ى كوشتن و قوربانیانى كرملن ئه‌نجامدرا، له‌نێویشیاندا كوشتنى "بۆریس نیمتسووف" كه‌ به ‌بڕیارى پوتن  كوژرا".

پوتن له‌باره‌ى لێدوانه‌كه‌ى بایدن روونیكرده‌وه‌، ئه‌م ده‌ربڕینه‌ى "بایدن" به‌شێكه‌ له‌و گفتوگۆیانه‌ى كه‌ له‌ "هۆلیوود" باوه ‌و به‌شێكه‌ له‌ كولتوور و سیاسه‌تكردنى ئه‌مه‌ریكییه‌كان، له‌ واقیعشدا زانیارییه‌كانیش راست نین.

 

ك.ب

Fly Erbil Advertisment