چه‌ند پڕۆژەیه‌كی خزمەتگوزاری لە بەحرکه‌ جێبه‌جێده‌كرێن

پارێزگاری هه‌ولێر: زیاتر گرنگی به‌و شوێنانه‌ ده‌ده‌ین، كه‌ ده‌ستی خزمه‌تگوزاری پێنه‌گه‌یشتووه‌

11 پڕۆژە لە سنووری شارەدێی بەحرکە ئەنجام دەدرێت
11 پڕۆژە لە سنووری شارەدێی بەحرکە ئەنجام دەدرێت

K24- هه‌ولێر:

لە شارەدێی بەحرکەی سەر بە شاری هەولێر، 11 پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێدەکرێن. پڕۆژەکان لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێرە، "ئومێد خۆشناو"، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، خزمەتگوزاری دەگەیەنینە ئەو گەڕەك و کۆڵانانەی کە پێشتر لە هەموو خزمەتگوزارییەک بێبەشکراون.

بەحرکە، ئەو شارەدێیەی چەند کیلۆمەترێک لە سه‌نته‌ری شاری ھەولێرەوە دوورە، بەڵام کەمی خزمەتگوزاری کێشەی بۆ دانیشتوانەکەی دروستکردووە.  پارێزگاری ھەولێر لە ناو سەنتەری شارەدێیەکە ئەو گەڕەکانە بەسەردەکاتەوە، کە بێخزمەتگوزارین، لێرەوە دەستپێکی پڕۆژەکانی شارەدێی بەحرکەی راگەیاند و لەو بودجەیەی بۆ پارێزگای ھەولێر تەرخانکراوە، بەشێکی بۆ پڕۆژەکانی بەحرکە تەرخان دەکات.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر گوتی: "له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی بۆ پارێزگای هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌درێت و گوژمه‌ی 28 ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كراوه‌، هه‌ندێك له‌و پڕۆژانه‌، پڕۆژه‌ی ته‌واو نه‌كراون و هه‌ندێكیشیان پڕۆژه‌ی تازه‌ن، هه‌وڵیشمان داوه‌ هه‌وسه‌نگی له‌ نێوان شار و ده‌ره‌وه‌ی شار رابگرێن، زیاتریش گرنگی به‌و شوێنانه‌ ده‌ده‌ین، كه‌ ده‌ستی خزمه‌تگوزاری پێنه‌گه‌یشتووه‌".

تۆڵە مەھدی خۆشناو، بەڕێوبەری شارەدێی بەحرکە ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەو بوجەیەی بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقام و ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی شارەدێکە خەرج کراوە، بە گرنگ دەزانێن و ئاشکراشی كرد، چەندین پڕۆژە لەماوەیەکی کورتدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، كه‌ پەیوەندیان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە.

لەو 130 پڕۆژەییەی کە بڕیارە لە سنووری پارێزگای ھەولێر جێبەجێ بکرێت، 11 پڕۆژەیان لە سنووری شارەدێی بەحرکە ئەنجام دەدرێت و بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان کراوە، کە خۆی لە قیرتاوکردنی کۆڵانەکانی ناو شارەدێی بەحرکە و دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ گەڕەکەکان و چاککردنی شەقامەکان و دروستکردنی نەخۆشخانەی نەخۆشییە گوازراوەکان بۆ شارەدێکە لە خۆدەگرێت.

د.ی