هەڤاڵ خانەقینی گۆرانییەکی نوێی بۆ خانەقین بڵاوکردەوە
هەڤاڵ خانەقینی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "ئێرە خانەقینە"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "وەک هونەرمەندێکی خانەقینی ویستم لە رێگەی ئەو بەرهەمەوە پاڵپشتی خۆم بۆ شارەکەم "خانەقین" پیشان بدەم."
هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، هەڤاڵ خانەقینی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو گۆرانییە نوێیەم لە هۆنراوەی مەولوود جومعەیە و خۆم ئاوازەکەم بۆ داناوە، هێمن رەسوولیان کاری بەرهەمهێنانی موزیکەکەی بۆ کردووە و بەرهەمهێنانی ئازا کاری رێکخستن و دابەشکردنی موزیکەکەی کردووە، سەرچاوەی ژیریی دەستکرد لەلایەن هێرش جەمال بۆی کراوە و هەژار عەبدوڵڵا کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە."
هەڤاڵ خانەقینی سەبارەت بە ئامانجی بەرهەمەکە گوتی، "ئامانجی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی ئەم گۆرانییەم، پاڵپشتیکردنە لە خانەقین و خەڵکی ئەو شارە، و مەبەستم بووە لە رێگەی گۆرانییەکەوە ئەو هەست و باوەڕە پیشان بدەم کە خانەقین بەشێکە لە ناسنامە و خاکی کوردستان."
ئەو هونەرمەندە جەختی لەوەش کردەوە، "دەمەوێ لە رێگەی ئەو گۆرانییەوە ئەوە بسەلمێنم کە خانەقین کوردی و کوردستانییە، من وەک هونەرمەندێکی خانەقینی ویستم لە رێگەی ئەو بەرهەمەوە پاڵپشتی خۆم بۆ شارەکەم "خانەقین" پیشان بدەم."
سەبارەت بە پەیامی گۆرانییەکە، هەڤاڵ خانەقینی دەڵێت، "پەیامی سەرەکی ئەم بەرهەمەم پەیوەندی بە هەستی نیشتیمانی و نەتەوەییەوە هەیە. من دەمەوێت لە رێگەی گۆرانییەکەوە ئەو هەستە بەهێز بکەم و جەخت لەسەر خۆشەویستیی خاک و نەتەوە بکەمەوە."
هەڤاڵ خانەقینی ئاماژەی بەوەش کرد، "گەر کوردێک هەبێت لە خانەقین، بیری لەوە کردبێتەوە دژ بە نەتەوەکەی خۆی بوەستێتەوە، لە رێگەی ئەو گۆرانییەوە هەستی نیشتیمانی و نەتەوەیی لا بەهێز دەکەین و بۆ ئەوەی هەرگیز بیر لەوە نەکاتەوە و هەمیشە خاک و نەتەوەی خۆی خۆش بوێت."
هەڤاڵ خانەقینی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1983 لە خانەقین لەدایکبووە. ئەو لە منداڵییەوە حەزی لە بواری هونەر و گۆرانی هەبووە، بەڵام بۆ خوێندن لە خانەقینەوە چووەتە سلێمانی و لەوێ خوێندنی خۆی بەردەوام کردووە. لە ساڵی 2005ەوە بە شێوەیەکی جدی دەستی بە کاری هونەری کردووە و هەوڵی داوە لە رێگەی گۆرانییەوە بەشداری لە ژیانی هونەری کوردیدا بکات. ئەو لە ماوەی چالاکییە هونەرییەکانیدا چەندین گۆرانی و ڤیدیۆکلیپی پێشکەش کردووە و بە بەرهەمەکانی خۆی ناسراوە.