پێنج گوندی سنووری کانی ماسێ بەهۆی شەڕی پەکەکە چۆڵکراون

"نزیکەی 10 هەزار دۆنم رەز و باخ و پاوانی لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ سووتاوە"

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - دهۆک

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ ئاشکرای کرد، تا ئێستا پێنج گوندی سنووری ناحیەکەیان بەهۆی شەڕی پەکەکە چۆڵکراون و تەنیا لە گوندی کێستە نزیکەی ملیارێک و 750 ملیۆن دینار زیان بە دانیشتوانی گوندەکە کەوتووە.

سەربەست ئاکرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەهۆی شەڕی پەکەکە تائێستا پێنج گوند چۆڵکراون، بۆ خەملاندنی زەرەر و زیانەکان لیژنەیەکمان پێکهێناوە، رۆژانە زیانەکان تۆمار دەکەین، تەنها لە گوندی کێستە نزیکەی ملیارێک و 750 ملیۆن دینار زیان بەر گوندنشینان کەوتووە".

گوتیشی: "بەهۆی شەڕی پەکەکە نزیکەی 10 هەزار دۆنم رەز و باخ و پاوانی لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ سووتاوە".

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ، ئاماژەی بەوەشکرد: "هەردوو بنکەی تەندروستی گوندەکانی ئەدەنێ و کێستە، بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا داخراون"

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی پەکەکە، هاووڵاتییانی سنووری ئاکرێ بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمی سرووشتی و هەنگوین ناتوانن بچنە ناوچە شاخاوییەکان، ئەو هاووڵاتیانەشی کە لە ساڵانی رابردوودا لە رێگەی کۆکردنەوەی بەرهەمی سرووشتی و هەنگوین روویان لە ناوچە شاخاوییەکانی ئاکرێ دەکرد، دەڵێن شەڕی پەکەکە زیانی پێگەیاندوون و ناتوانن بژێوی رۆژانە دابین بکەن.

 

Fly Erbil Advertisment