سی و شه‌شه‌مین كابینه‌ی حكومه‌ت له ئیسرائیل پێكهێنرا
په‌رله‌مانی ئیسرائیل متمانه‌ی به‌خشییه كابینه‌ی حكومه‌تی "گۆڕان" كه له ژماره‌یه‌ك پارتی ئایدۆلۆژیا جیاوازی راستڕه‌و و ناوه‌ندگیر و چه‌پڕه‌و و حزبێكی عه‌ره‌بی پێكهاتووه.
K24 – هه‌ولێر:
په‌رله‌مانی ئیسرائیل متمانه‌ی به‌خشییه كابینه‌ی حكومه‌تی "گۆڕان" كه له ژماره‌یه‌ك پارتی ئایدۆلۆژیا جیاوازی راستڕه‌و و ناوه‌ندگیر و چه‌پڕه‌و و حزبێكی عه‌ره‌بی پێكهاتووه.
ئه‌و هاوپه‌یمانییه نوێیه‌ی پێكهێنرا، توانیان ده‌نگی زۆرینه‌ی كنێست به‌ده‌ست بهێنن و كۆتایی به ماوه‌ی 12 ساڵی له‌سه‌ر یه‌كی بنیامین ناتانیاهۆ بهێنن.
كابینه‌كه 36همین كابینه‌ی حكومه‌تی ئیسرائیله و نفتالی بینیت (49 ساڵ) و رێبه‌ری حزبی راستڕه‌و سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.
بڕیاره‌ی چوار ساڵی كابینه‌كه به نۆره بێت و دوو ساڵی دووه‌می ماوه‌ی كابینه‌كه یائیر لبید (57) ساڵ و سه‌رۆكی حزبی "ئێره داهاتووه"ی ناوه‌ندگیر سه‌رۆكایه‌تی بكات، كه له‌م كابینه‌یه‌دا پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هه‌یه.
ناتانیاهۆ
بنیامین ناتانیاهۆ، كۆی گشتیی 15 ساڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بوو، ئه‌و 12 ساڵ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه حوكمڕانی كرد.
ناتانیاهۆ، ته‌نیا كه‌س بووه له مێژووی ئیسرائیل توانی بووی بڕوا به ده‌نگده‌رانی بهێنێت به‌وه‌ی ته‌نیا كه‌سه بتوانێت ئیسرائیل بپارێزێت.
ساڵی رابردوو، ناتانیاهۆ، رێككه‌وتنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ چوار وڵاتی عه‌ره‌بی واژوو كرد.
سه‌ركه‌وتووش بوو له‌وه‌ی ئیسرائیل له ته‌نگژه‌ی داخرانی گشتیی به هۆی كۆرۆنا رزگار بكات و هه‌ڵمه‌تی كوتان دژی ڤایرۆسه‌كه به‌ڕێوه‌به‌رێت.
له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا له چواره‌م هه‌ڵبژاردندا پارته‌كه‌ی شكستی هێنا.
ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی ئیسرائیل (كنێست)، متمانه‌ی دایه نه‌یاره سیاسییه‌كانی ناتانیاهۆ و به‌و شێوه‌یه ناوبراو ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستدا. به گوێره‌ی رێككه‌وتنی هاوپه‌یمانێتی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت، سیستمی حكومه‌تی هاوپه‌یمانییه‌كه دوو ساڵ به دوو ساڵ ده‌بێت. دوو ساڵی یه‌كه‌م رێبه‌ری پارتی راستڕه‌وی توندڕه‌و، نفتالی بینیت، سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێت و دواتر ده‌سه‌ڵات ده‌گوازرێته‌وه بۆ یائیر لبید، كه پێشتر ئه‌ستێره‌ی كاری ته‌له‌ڤزیۆنی بووه.
ناتانیاهۆ خاوه‌ن بیروباوه‌ڕی توندڕه‌وانه بوو
ناتانیاهۆ له (21ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 1949)، له ته‌لئه‌بیب، له‌دایكبووه. بیروباوه‌ڕی توندڕه‌وانه‌ی له باوكییه‌وه "بن تسیۆن" وه‌رگرتبوو، كه هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی "ئیسرائیلی گه‌وره"ی ده‌دا.
له 1976 تاكه براكه‌ی سه‌ربازی سوپا بوو، له كرده‌ی هه‌ڵكوتانه سه‌ر دوو رێكخراوی فه‌له‌ستینی و ئه‌ڵمانی له ئۆگه‌ندا كوژرا، كه ژماره‌یه‌ك ئیسرائیلیان له فڕۆكه‌یه‌كدا به بارمته گرتبوو.
ناتانیاهۆ وتویه‌تی: براكه‌ی كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی درووست كردووه.
ناتانیاهۆ به‌شێكی ژیانی له ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر بردووه، په‌یمانگه‌ی ماساچۆسی ته‌كنۆلۆژی ته‌واو كردووه.
به هۆی ئه‌وه‌ی ئینگلیزی زانێكی كارامه بوو، له كۆتایی هه‌شتاكان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، له میدیای ئه‌مه‌ریكا زۆر ده‌رده‌كه‌وت و به‌رگری له ئیسرائیل ده‌كرد.
ئه‌و ده‌ركه‌وتنه یارمه‌تی دا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی له ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی ده‌ركه‌وێت.
له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، وه‌ك دیپلۆماتكارێك له باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له واشنتن كاری كردووه.
به‌رده‌وام گومانی له رێككه‌وتنی ئۆسلۆی تایبه‌ت به ئاشتی عه‌ره‌ب – ئیسرائیل هه‌بووه.
له 1993 سه‌رۆكایه‌تی لیكۆدی گرته ده‌ست. له 1996 به هۆی سه‌ركه‌وتنی پارته‌كه‌ی توانی ببێته سه‌رۆك وه‌زیران، كه ته‌مه‌نی ته‌نیا 46 ساڵ بوو.
له 1999 ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستدا، به‌ڵام دواتر به‌ده‌ستیهێنایه‌وه.
ناتانیاهۆ به‌رده‌وام بڕوای وابووه، ئیسرائیل "ده‌وڵه‌تێكی یه‌هوودییه" و پێویسته سنووری له باكووری خۆرهه‌ڵاته‌وه بگاته ئوردن، بۆیه غوری ئوردنی لكاند به كه‌ناری خۆرئاواوه.
ساڵی رابردوو، له به‌رده‌م كۆڕبه‌ندی هۆڵۆكۆست، گوتی: گه‌لی جوو ده‌بێت به‌رده‌وام هۆشداری ئه‌و هه‌ڕه‌شانه بن، كه له ئارادان بۆ وێرانكردنی ئیسرائیل.
ناتانیاهۆ جگه‌ره كێش بوو، له ساره‌ی هاوسه‌ری دوو منداڵ و كچێكیشی له هاوسه‌ری پێشووی هه‌یه.
ئه‌و تۆمه‌تبار كراوه، به وه‌رگرتنی به‌رتیل و گزی و ناپاكی له ئه‌مانه‌ت، به‌ڵام هه‌موویان ره‌تده‌كاته‌وه.
ناتانیاهۆ به میراتگری راستڕه‌وی ئیسرائیلی هه‌ژمار ده‌كرێت.
له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا به‌شداری هیچ دانووستانێكی جه‌وهه‌ری بۆ ئاشتی له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌كان نهكردووهز
هه‌میشه كاری بۆ فراوانخوازی و بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌ی نوێی نیشته‌جێبوونی جووه‌كان كردووه.
به‌شدار بووه له له‌گۆڕنانی ئه‌و پرۆسه ئاشتییه‌ی له 1990ه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌ستیپێكرابوو.
له 10 ساڵی رابردووی ده‌سه‌ڵاتیدا ژماره‌ی كۆمه‌ڵگه درووستكراوه‌كان له كه‌ناری خۆرئاوا، به رێژه‌ی له‌سه‌دا 50 زیادی كردووه.
ژماره‌ی جووه‌كان له‌و كۆمه‌ڵگانه، گه‌یشتووه‌ته 475 هه‌زار كه‌س له ناو 2.8 ملیۆن فه‌له‌ستینیدا.
له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا چه‌ندین جار شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان فه‌له‌ستینییه‌كان و ئیسرائیل روویداوه. به تایبه‌تی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه.
ناتانیاهۆ به‌رده‌وام ئاماژه‌ی به هه‌ڕه‌شه‌ی حزبوڵڵای لوبنان ده‌كرد، ئێرانیشی به گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه داده‌نا.
له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا، ناتانیاهۆ پێداگیری ده‌كرد، كه نابێت ئێران ببێته خاوه‌نی چه‌كی ناووكی.
له 2015دا ناتانیاهۆ، له به‌رده‌م كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا ئیدانه‌ی دانووستانی باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكای له‌گه‌ڵ ئێران كرد.
نه‌فتالی بینیت
نه‌فتالی بینیت، سه‌ركرده‌ی توندڕه‌وی ئیسرائیلی (49 ساڵی)، له سیاسه‌تدا رێگاكه‌ی به‌ره‌و شوێنگرتنه‌وه‌ی بنیامین ناتانیاهۆ، مامۆستای پێشووی بڕی و ئێستا ئاماده‌كاری بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و پۆسته ده‌كات، كه سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانه.
ئه‌و ملیۆنێر و بزنسمانه‌ی پێشوو له بواری ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو سه‌رۆكایه‌تی حزبی "راستڕه‌و"ی توندڕه‌و ده‌كات، كه بانگه‌شه بۆ لیبراڵیه‌تی ئابووری ره‌ها و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها له‌خۆگرتنی دوو له‌سه‌ر سێی خاكی كه‌رتی رۆژئاوا بۆ سه‌ر خاكی ئیسرائیل ده‌كات.
به‌گوێره‌ی ره‌شنووسی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌نێوانیان واژوو كراوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌نۆره پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت به‌ڕێوه ببه‌ن، دوو ساڵی یه‌كه‌م پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران له‌لایه‌ن بینیته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت و دواتر پۆسته‌كه‌ی راده‌ستی له‌بید، ئه‌ستێره‌ی پێشووی ته‌له‌ڤزیۆنی ده‌كات.
بینیت په‌یڕه‌وی گوتارێكی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی توند ده‌كات، هه‌روه‌ك بانگه‌شه بۆ سیاسه‌تێكی توند له دژی ئێرانیش ده‌كات.
بینیت ده‌بێته یه‌كه‌م سه‌ركرده‌ی حزبی راستڕه‌وی ئایینی توندڕه‌و له مێژووی ئیسرائیل‌دا، كه پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران به‌ڕێوه ببات، دوای ئه‌وه‌ی له رابردوودا پێنج پۆستی وه‌زاریی به‌ڕێوه‌بردووه، له‌وانه‌ش پۆستی وه‌زیری به‌رگری له ساڵی 2020.
دوێنێ شه‌ممه، بینیت له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ لهبیدی هاوپه‌یمانه‌كه‌ی گوتی: "واژووكردنی ئه‌و رێككه‌وتنه له ماوه‌ی 2 ساڵ و نیو كۆتایی به قه‌یرانی سیاسی ده‌هێنێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره" به‌ڕێوه‌ن.

به‌گوته‌ی ئه‌و سه‌ركرده راستڕه‌وه‌ی ئیسرائیل، "حكومه‌تی داهاتوو كار بۆ جه‌ماوه‌ری ئیسرائیل به گشتی ده‌كات، باوه‌ڕداران، عه‌لمانییه‌كان، توندڕه‌وان و عه‌ره‌به‌كان به‌بێ جیاوازی و وه‌ك یه‌ك كۆمه‌ڵگه". گوتیشی: "من له‌و باوه‌ڕه‌دام سه‌رده‌كه‌وین".
بینیت كه به زمانی ئینگلیزی و فۆنه‌تیكی ئه‌مه‌ریكی قسه ده‌كات، زۆر گرنگی به دانانی قهلنسووته (ئه‌و كڵاوه بچووكه‌یه كه پیاوانی ئیسرائیلی له رێوڕه‌سمه ئایینییه‌كان له‌سه‌ریان ده‌كه‌ن) ده‌دات، پێشتر قوتابی ناتانیاهۆ بوو و تا ئێستاش له‌ڕووی ئایینه‌وه له‌گه‌ڵ ناتانیاهۆ هاوهه‌ڵوێسته، به‌ڵام له شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت.
وێڕای ئه‌نجامه لاوازه‌كانی حزبه‌كه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م دواییه‌دا، كه له مانگی ئادار/ مارسی 2021 به‌ڕێوه‌چوون، بینیت له بونیادنانی هاوپه‌یمانێتییه‌ك بۆ پێكهێنانی ئیئتیلافێكی حكومی سه‌ركه‌وتوو بوو.
هه‌روه‌ها گوتی: شارهزایهتییهكهی رێگه‌ی پێ ده‌دات ببێته ئه‌و پیاوه‌ی دوای كاریگه‌رییه‌كانی په‌تای كۆرۆنا ئابووری ئیسرائیل چاره‌سه‌ر بكات. له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا نموونه‌ی سنگاپووریی به‌كارهێناوه و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئه‌و هه‌وڵ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی باج و كه‌مكردنه‌وه‌ی بیرۆكراتیه‌ت ده‌دات".
پێشتر بینیت به‌شێك بوو له حكومه‌ته‌كه‌ی ناتانیاهۆ، كه له ساڵی 2018 شكستی هێنا و له ساڵی 2013ـه‌وه پێنج پۆستی وه‌زاریی به‌ڕێوه‌بردووه، دوایینیان وه‌زاره‌تی به‌رگری بوو له ساڵی 2020، به‌ڵام ناتانیاهۆ داوای لێ نه‌كرد له حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌یدا به‌شدار بێت، كه له مانگی ئایار/ مایۆ راسپێردرا.
ئێڤا گۆتسمان ده‌ڵێت: "له كۆڕبه‌ندی سیاسه‌تی ئیسرائیل‌دا، بینیت نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و كۆپییه راسته‌قینه‌یه ده‌كات، كه تایبه‌ت بۆ جه‌ماوه‌ری ئیسرائیل دیزاین كراوه و هه‌وڵ بۆ گۆڕینی ناتانیاهۆ ده‌دات".
بینیت، كه پێشتر سه‌ربازی هێزه تایبه‌ته‌كان بوو، له 25ی ئادار/ مارسی 1972 له شاری حه‌یفا له دایك و باوكێكی ئه‌مه‌ریكی له‌دایكبووه، ئێستا له‌گه‌ڵ گرانێتی هاوسه‌ره‌كه‌ی و هه‌رچوار منداڵه‌كه‌ی له شاری "رهعنانا" له ناوه‌ڕاستی ئیسرائیل ده‌ژیت.
ئه‌ویش هه‌روه‌ك بنیامین ناتانیاهۆ، خزمه‌تی یه‌كه‌ی "سایریت ماتكال"ی سه‌ربازیی ده‌سته‌بژێری كردووه و دوای فرۆشتنی كۆمپانیا تهكنهلۆژییهكهی به 145 ملیۆن دۆلار له ساڵی 2005، چووه‌ته ناو سیاسه‌ت. له ساڵی دواتر بووه‌ته به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی بنیامین ناتانیاهۆ، كه ئه‌و كات ناتانیاهۆ له به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن بوو.
دوای ئه‌وه‌ی نووسینگه‌ی ناتانیاهۆی به‌جێهێشت، له ساڵی 2010 بووه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشته‌جێبوون له "یه‌هودا، غه‌ززه و سامره (ناوی ته‌وراتیی كه‌رتی رۆژئاوایه".
له ساڵی 2012 كاتێك به‌رپرسیارێتی حزبی "ماڵی یه‌هودی"ی راستڕه‌وی توندڕه‌وی وه‌رگرت، بینیت شۆڕشێكی سیاسیی هه‌ڵگیرساند، كه گریمانه‌ی ئه‌وه ده‌كرا هه‌موو كورسییه‌كانی له په‌رله‌مان له‌ده‌ست بدات، به‌ڵام به چار ئه‌وه‌نده‌ی پێشتر كورسی په‌رله‌مانیی به‌ده‌ستهێنایه‌وه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك لێدوانی به‌هێزی له باره‌ی ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینی دا.
له ساڵی 2013 بینیت گوتی: "پێویسته "تیرۆرسته" فه‌له‌ستینییه‌كان بكوژرێن نه‌ك ئازاد بكرێن". هه‌روه‌ها گوتی: "كه‌رتی رۆژئاوا داگیر نه‌كراوه، چونكه هیچ ده‌وڵه‌تێكی فه‌له‌ستینی له‌و ناوچه‌یه نه‌بووه"، هه‌روه‌ها "چاره‌سه‌ركردنی ململانێی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین مه‌حاڵه". هاوكات بینیت به توندڕه‌وترین به‌رهه‌ڵستكار بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین داده‌نرێت.
وێڕای به‌ڕێوه‌بردنی پۆستی وه‌زیری به‌رگری، هه‌روه‌ها بینیت پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان ئابووری و فێركردنیشی له حكومه‌ته‌كه‌ی ناتانیاهۆ به‌ڕێوه‌بردووه، له ساڵی 2018 ناوی حزبی "ماڵی یه‌هودی" ی بۆ "یه‌مینا" واتا به‌ره‌و راست گۆڕیوه.
سه‌ڕه‌ڕای پاشخانه ئاینییه راستڕهوهكهی، بینیت ته‌وقه‌كردن له‌گه‌ڵ ئافره‌ت ره‌ت ناكاته‌وه و پرسیاره‌كان له‌باره‌ی پێگه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌تدا به‌لایه‌وه گرنگ نین و هه‌ڵگری هزرێكی لیبراڵییه له‌باره‌ی هه‌ندێك پرس، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به بابه‌تی هاوڕه‌گه‌زبازان.
له دیمانه‌یه‌كی ئه‌م دواییه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی 12ی ئیسرائیلی، بینیت پاساوی بۆ بڕیاره‌كه‌ی له‌باره‌ی دروستكردنی ئیئتیلافی "گۆڕان" هێنایه‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی پێشتر ره‌تی كردبووه‌وه به‌شداری له حكومه‌تێكدا بكات، كه له‌لایه‌ن له‌بیده‌وه پێكبهێنرێت و گوتی: "به‌رژه‌وه‌ندی وڵات به‌سه‌ر گوته‌كانیدا زاڵن".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئامانجی سه‌ره‌كی هه‌ڵبژاردنه‌كان خۆی له رزگاركردنی ئیسرائیل له پشێوییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه" و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "ئه‌وه‌م هه‌ڵبژاردووه كه بۆ ئیسرائیل باش بێت".
جێگای ئاماژه‌یه، "ژماره‌یه‌كی زۆری شرۆڤه‌كارانی ئیسرائیل له راستڕه‌و و چه‌پڕه‌وه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان، بینیت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له پۆسته‌كه‌یدا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران نامێنێته‌وه".