له‌ ماوه‌ی 5 مانگی رابردوو هه‌زار و 509 رووداوی هاتووچۆ تۆماركراوه‌

گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هاتووچۆی هه‌رێم: ته‌نیا ئه‌مساڵ 216 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 2 هه‌زار و 170 هاووڵاتیش برینداربوون، به‌راورد به‌ ساڵی پار رووداوه‌كان زیادیان كردووه‌

رووداوێكی هاتوچۆ، ئه‌رشیف
رووداوێكی هاتوچۆ، ئه‌رشیف

K24 - هه‌ولێر:

گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هاتووچۆی هه‌رێم به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی 5 مانگی رابردوودا له‌ ئه‌نجامی هه‌زار و 509 رووداوی هاتووچۆ، 216 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 2 هه‌زار و 170 هاووڵاتیش برینداربوون، بۆیه‌ پێویسته‌ یاسای هاتووچۆ هه‌موار بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پڕۆژه‌یاسایه‌ك ئاماده‌ كراوه‌ و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت.

عه‌مید "ئه‌سعه‌د مه‌لا كه‌ریم"، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هاتووچۆی هه‌رێم گوتی: "له‌ 1ی كانوونی دووه‌می 2021 تا 1ی حوزه‌یران 2021، له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان 216 هاووڵاتی  گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، 2 هه‌زار و 170 هاووڵاتیش برینداربوون، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی هه‌زار و 509 رووداوی هاتووچۆوه‌، كه‌ تۆماركراوه‌".

گوتیشی: "به‌راورد به‌ ساڵی پار، له‌هه‌مان ماوه‌، 160 هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، هه‌زار و 710 هاووڵاتی بریندار بوون، هه‌زار و 136 رووداوه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و پێنج مانگه‌ روویداوه"‌.

گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هاتووچۆی هه‌رێم روونیكرده‌وه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی شاره‌كانه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هاتووچۆ دێن، زۆربه‌ی رووداوه‌كانی هاتووچۆ له‌به‌ر دوو هۆكارن، هۆكاری یه‌كه‌م له‌به‌ر خێرایی زیاتره‌ و هۆكاری دووه‌میش به‌كارهێنانی مۆبایله‌ له‌لایه‌ن شوفێرانه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ یاسای هاتووچۆ هه‌موار بكرێته‌وه‌، تا سنوورێك بۆ ئه‌و رووداوانه‌ دابنرێن.

روونیشكرده‌وه‌، ئه‌و یاسای هاتووچۆیه‌ی ئێستا هه‌یه‌، یاسایه‌كی كۆنه‌ و له‌ سه‌رده‌می "پۆل بیرمه‌ر" ده‌ركراوه‌، بۆ سه‌رده‌مێكی كاتی بووه‌، ئێستا له‌ عێراق ئه‌و یاسایه‌ كاری پێناكرێت و یاسایه‌كی نوێیان ده‌ركردووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌و یاسایه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌.

ئه‌سعه‌د مه‌لا كه‌ریم جه‌ختی كرده‌وه‌، له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ چه‌ندین پڕۆژه‌یاسا پێشنیاز كرابوو، ئێستا وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هاتووچۆ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتووچۆی شاره‌كان پێشنیازی پڕۆژه‌یاسایه‌كی كردووه‌‌، ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت و دوای ئه‌وه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت.

د.ی