نرخی زێر بەرزدەبێتەوە

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1771.98 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی زێڕ
نرخی زێڕ

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو 6٪ نرخەکەی لەدەستدا، بەڵام داکەوتنی قازانجی قەواڵەکان جارێکی دیکە نرخی زێڕی بەرزکردەوە.

نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.5٪ بۆ 1771.98 دۆلار بۆ ئۆنسەیەک بەرزبووەوە. لە گرێبەستەکانی داهاتووشی بە رێژەی 0.6٪ بۆ 1772 دۆلار بۆ ئۆنسەیەک بەرزبووەوە.

قازانجی قەواڵەکانی ئەمەریکا بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی شوباتەوە دابەزی، ئەوەش وایکرد خواست بۆ زێڕ بەرزبێتەوە.

لە هەمان کاتدا، پێنوێنی دۆلاریش بەرامبەر سەبەتەی شەش دراوە سەرەکییەکە لە بەرزترین ئاستەکانی چەند مانگی رابردووی جێگیر بووە.

هەفتەی رابردوو، نرخی زێڕ خراپترین هەفتەی لە دوای مانگی ئایار ساڵی 2020ـەوە تۆمارکرد، هۆکارەکەشی بۆ ئاماژەكانی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2023 رێژەی سوود بەرزبکاتەوە.