پۆلیسی گەرمیان سەرجەم دووکاندارەکان ئاگادار دەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ئاگاداریی سەرجەم دووکانداران و فرۆشیارانی سنووری گەرمیان دەکاتەوە، بۆ ئەوەی جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە بە منداڵان و مێردمنداڵان نەفرۆشن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکە، هۆشداریی بە دووکاندارەکانی سنوورەکەش داوە، هەر دووکاندار یان فرۆشیارێک، ئەم جگەرە یان ڤەیپ یان نێرگەلە بە منداڵان و مێردمنداڵان بفرۆشێت و بە بەڵگە لەسەر بسەلمێنێت، رێکاریی یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر و دەدرێنە دادگا.
هەروەها ئاماژەی داوە، ئامانج لەم بڕیار و هۆشدارییە، پاراستنی تەندروستی گشتیی منداڵان و گەنجانە، لەگەڵ رێگریی لە کێشان ماددە زیانبەخشەکان و پێشگرتنە لە کێشەی کۆمەڵایەتی نێو خێزانەکان.
هەر لە ئاگادارییەکەدا، پۆلیسی گەرمیان داوای هاوکاری و هەماهەنگی لە هاووڵاتییان دەکات، لە حاڵەتی بوونی سەر سەرپێچییەک و گوێنەدان رێکار و رێنماییەکان، بنکەکانی پۆلیس ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بگرنەبەر.
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 22ی رۆژی 14/11/2007دا بڕیاری دەرچوواندنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرە کێشانی دەرکرد، هۆکارەکەشی بۆ بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پاراستنی هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی جگەرە کێشان گەڕاندووە.
بەگوێرەی ماددەی یەکەم:
دروستکردن و هێنانی هەر جۆرێک لە بەروبوومی تووتن یان بازرگانی پێوەکردنیان لە هەرێم یاخود نمایشکردنیان بۆ فرۆشتن یان لە خۆگرتن بە مەبەستی فرۆشتن قەدەخەیە ئەگەر لەگەڵ نیشانە و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان یەکانەگیڕ نەبن و ئەوەی سەرپێچی بکات، سزای ماددی دەدرێت کە بڕەکەی لە 5 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 20 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
ماددەی دووەم:
نابێت منداڵ بەرهەمەکانی تووتن و پێکهاتەکانی بکێشێت یاخود پیشەی فرۆشتن و کڕینیان دەست بداتێ و هەر چی سەرپێچی بکات، بە گوێرەی (یاسای پاراستنی منداڵان)ی ژمارە (76)ی ساڵی 1983ی هەموارکراو سزا دەدرێ.