یه‌كێتی گشتی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا ئیدانه‌ی داخستنی نووسینگه‌ی كوردستان24 ده‌كات

یه‌كێتی گشتیی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی داخستنی نووسینگه‌كانی كه‌ناڵی كوردستان24 له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌ ده‌كه‌ن.

لۆگۆی یه‌كێتییه‌كه‌
لۆگۆی یه‌كێتییه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

یه‌كێتی گشتیی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی داخستنی نووسینگه‌كانی كه‌ناڵی كوردستان24 له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌ ده‌كه‌ن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: به‌و په‌ڕی نیگه‌رانییه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ بڕیاری ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری – ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكار – فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندن، ده‌كه‌ین، كه‌ بڕیاری داوه‌، مۆڵه‌تی كاركردنی كوردستان24 هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و رێگه‌ به‌ كاری نووسینگه‌كانی ئه‌و كه‌ناڵه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان نه‌دات.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، ئێمه‌ له‌ نووسینگه‌ی ئازادییه‌كانی سه‌ر به‌ یه‌كێتی گشتیی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا له‌و بڕوایه‌داین، ئه‌و بڕیاره‌ی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری مۆركێكی سیاسی پێوه‌یه‌ و خزمه‌تی راگه‌یاندنی ئاینده‌ و ئازادی رۆژنامه‌وانی و دۆزی كورد ناكات. هه‌روه‌ها باوه‌ڕمان وایه‌، ئه‌و بڕیاره‌ پێشێلكردنی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كاری میدیایی و مافی مرۆڤه‌، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئازادی را و بۆچوون ده‌كاته‌وه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24، له‌ خۆرئاوای كوردستان، خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ و خواستی هاووڵاتیان و گه‌لی كورد به‌ گشتیی ناكات و له‌م هه‌لومه‌رجه‌ ناهه‌مواره‌ی له‌ ئارادایه‌ پێویستمان به‌ راگه‌یاندنێكی پیشه‌ییانه‌ و پێشكه‌وتوو و بوێری وه‌ك كوردستان24 هه‌یه‌.

یه‌كێتی گشتیی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد راشیگه‌یاندووه‌، یه‌كێتییه‌كه‌یان كه‌ناڵی كوردستان24 به‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ پیشه‌ییه‌كان له‌ خۆرئاوای كوردستان داده‌نێت و ئه‌و كه‌ناڵه‌ ده‌نگی گه‌لی كوردی گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌موو شوێنێك و به‌و په‌ڕی پیشه‌ییه‌وه‌ رووداو و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ی رووماڵ كردووه‌.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی گشتیی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی كورد له‌ سووریا، له‌ كاتێكدا ئیدانه‌ی بڕیاری داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 ده‌كه‌ین، داوا ده‌كه‌ین پاشگه‌ز ببنه‌وه‌ له‌و بڕیاره‌ و هیچ رێگرییه‌ك له‌به‌رده‌م كاری میدیایی و ئازادی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانی دانه‌نێن.

 

Fly Erbil Advertisment