وەزارەتی کارەبا لەبارەی کرێی کارەبا بە پێوەری زیرەک روونکردنەوە دەدات
وەڵامی گلەیی هاووڵاتییان دەدرێتەوە
K24 – هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی پێوەری زیرەک لە وەزارەتی کارەبا روونکردنەوە لەبارەی گلەیی ئەو هاووڵاتییانە دەدات کە باسیان لە زۆری کرێی کارەبای پێوەری زیرەک کردووە.
عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی پێوەری زیرەک رایگەیاند: "تەنیا قەرزەکانی کەڵەکەبوو، لە پێویست زیاتر بەکارهێنانی كارەبا دەبێتە بەرزبوونەوەی نرخەکەی. زۆربەی ئەو هاووڵاتییانەی دەڵێن پارەی زۆریان بۆ هاتووەتەوە، قەرزی كۆنیان لەسەرە و هەندێکیان نزیكەی ساڵێكە پارەی کارەبایان نەداوە".
ئاماژەی بەوەشداوە: "بەدواداچوونی زۆرمان بۆ ئەو دەنگۆ و ناڕەزایەتیانە كرد، كە گوایە پارەی هەندێك هاوبەش زۆر هاتووەتەوە، لە ئەنجامدا دەركەوت کە پێوەرە زیرەكەكە بە دروستی پارەی كارەباكەی خوێندووەتەوە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی پێوەری زیرەک لە وەزارەی کارەبا دەڵێ: "لەمانگی رابردوو 250 هەزار ماڵ بە پێوەری زیرەك پسوولەی كارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە و لەم مانگەشدا 400 هەزار ماڵ پسوولەی كارەبایان پێ دەدرێت. ئەو هاوبەشانەی سەرپێچیان لە پێوەرە كۆنەكە یان لە راكێشانی كارەبا كردووە، بەپێی ئەم پێوەرە نوێیە كۆتایی بەم سەرپێچیانە هاتووە، ئەمەش دادپەروەریی لە پێدانی كارەبا بە هاوبەشان مسۆگەر دەکات. وردە وردە پارەی موەلیدە كەمدەبێتەوە. بەهۆیەوە ئەم بارگرانییە زۆرە لەسەر شانی هاووڵاتیانیش كەمدەبێتەوە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لە هەموو جیهان پڕۆژەی پێوەری زیرەک بە درێژایی 7-8 ساڵ جێبهجێ دهكرێت، بەڵام ئێمە لە ماوەی 1-2 ساڵ ئەم پڕۆژەیە به خێراییهكى زۆر پێوانهیى جێبەجێی دەکەین".