سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات
بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكان و قۆناغی داهاتووی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا

K24 - ههولێر:
سەرۆك مەسعود بارزانی ئهمڕۆ چوارشەممە 23ی حوزهیران/ یۆنیۆی 2021 لە سەلاحەددین پێشوازی لە "ستیڤێن هیكی"، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە "جێمس سۆرنتۆن"، كونسوڵی بریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەكان و قۆناغی داهاتووی عێراق و هەروەها هاوكێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا و تیشكیش خرایە سەر ئەو كێشه ئەمنی و سیاسییانەی كە لەبەردەم هەرێمی كوردستان عێراقدا هەن.
لە بەشێكی دیكهی ئەو كۆبوونەوەیەدا كاریگەریی سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لەسەر ئایندەی عێراق و رێگەكان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی لە عێراق تاوتوێ كرا. هەر لەو دانیشتنەدا هەنگاونان بۆ پێكهێنانی ناوەندی هەماهەنگیی سەربازیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی خرایە بەر باس و هەروەها چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بە گرنگ وەسف كرا.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و كاركردن بۆ پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە تەوەرێكی دیكهی ئەو دیدارە بوو.
جێگەی ئاماژەپێكردنە كە "ستیڤێن هیكی"، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و "جێمس سۆرنتۆن"، كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر كۆتایی بە ئەركەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان هاتووە و بە مەبەستی ماڵئاواییكردن سەردانی سەرۆك بارزانیان كردبوو و سەرۆك بارزانیش وێڕای سوپاسگوزاری، هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن لە ئەرك و كاری تازەیاندا.
