ده‌بێت له رێی سیاسه‌ته‌وه خۆمان بپارێزین
د. دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین:

K24 – هه‌ولێر:
دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین، سه‌رۆكی ئه‌نیستیتۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه، ناسراو به "مێری" رایگه‌یاند، په‌لاماردانی سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن هێزی میلیشیایی ناحكومییه‌وه، به‌شێكه له یاری هه‌رێمایه‌تی و ئامانج لێی گه‌یاندنی په‌یامێكه، كه هه‌رێمی كوردستان له ململانێی نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نه‌كه‌وێته سه‌نگه‌ری دژ به ئێرانه‌وه.
روونیشیكرده‌وه، پێویسته هه‌رێمی كوردستان خۆی بپارێزێت و مادام ئه‌مه‌ریكای هاوپه‌یمان له ناوچه‌كه ناتوانێت خۆیشی بپارێزێت، باشتر وایه هه‌رێم دڵنیایی بداته وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران پێشبخات.
هه‌روه‌ها گوتی: پێویسته له به‌غدا له رووی سیاسییه‌وه هه‌رێم كار بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی خۆی بكات و دانه‌به‌زێته ئاستی كاردانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه‌ی مووشه‌ك ئاراسته‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌ن.
دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین، سه‌رۆكی ئه‌نیستیتۆی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه، ناسراو به "مێری" له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24"، بێژه‌ری دیاری كوردستان24، فه‌رهاد ره‌سووڵ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كرد.
پرسیار: بۆچی هه‌ولێر ده‌كرێته ئامانج؟
دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: هه‌ولێر و كۆمه‌ڵێك شوێنی دیكه كراونه‌ته ئامانج. هه‌ولێر شوێنی ئه‌و چالاكیانه‌یه، كه دراوسێكانمان به مه‌ترسی ده‌زانن. له هه‌ولێردا هاوبه‌شییه‌ك له نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه. هه‌ندێك دراوسێ و هه‌ندێك هێزی ناحكومی له عێراق ره‌نگه ئه‌وه به هه‌ڕه‌شه بزانن.
له‌وه ناچێت ئامانجی سه‌ره‌كیان هه‌ولێر بێت به ته‌نیا، ئامانجیان ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان، هه‌رێم و لایه‌نه ناوخۆییه‌كانه.
گرووپه په‌لامارده‌ره‌كان مه‌به‌ستیان نییه هه‌ولێر ببێته لایه‌ندار و ئه‌جێندای حه‌شد جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام پێیان گرنگه له ململانێی ئێران و ئه‌مه‌ریكادا، هه‌ولێر نه‌بێته لایه‌نگری ئه‌مه‌ریكا دژی ئێران.
ده‌كرێت وای دانه‌نێین، ئه‌مه راگه‌یاندنی شه‌ڕه، ده‌كرێت بڵێین بۆ ئه‌وه‌یه ئێمه نه‌بینه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه. چونكه هێشتا ئێرانییه‌كان متمانه‌یان به‌وه نییه، كه له كاتی ململانێدا هه‌رێم بێلایه‌ن ده‌بێت.
پرسیار: كێن درۆنیان هه‌یه و هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌ولێر؟
دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: بێگومان لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار هه‌ن و به‌ڵگه‌یان هه‌یه و ده‌زانن، كێن، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی شیكه‌ره‌وه ئه‌و ورده‌كارییه گرنگ نییه. ئه‌وانه‌ی درۆنیان ئاراسته كردووه، دارده‌ستن و به ده‌ستی خه‌ڵكانی خاوه‌ن ئه‌جێندای به‌رزتر.
ئه‌و ته‌كنۆلۆجیا و راهێنان و هونه‌رمه‌ندییه هی كه‌سانێك نییه له‌م ده‌وروبه‌ره بتوانن خۆیان بشارنه‌وه و كه‌س نه‌یانناسێت. ئه‌وان مه‌رجه‌عی سیاسی، ئه‌منی، هه‌واڵگری و داراییان هه‌یه.
له ئێران و توركیاوه ئه‌و درۆنانه راسته‌وخۆ نه‌هاتوون، له عێراقه‌وه هاتوون. ئه‌وان ئامرازن و به‌شێكن له حه‌شدی شه‌عبی و نایشارنه‌وه، كه نیگه‌رانن له سیاسه‌تی هه‌رێم و بوونی سه‌ربازیی ئه‌وروپاییه‌كان و نایشارنه‌وه به‌شێك له‌و هێرشانه له لایه‌ن خۆیانه‌وه كراوه و ره‌نگه به فه‌رمانی ده‌ره‌كییش بێت.
ته‌نانه‌ت حه‌شدی شه‌عبی وه‌لائی خۆیان ده‌ڵێن، هه‌ندێك شت ده‌كه‌ین، مه‌رج نییه، ئێران ئاگادار بێت.
ئه‌وانه‌ی له ژێر چادری حه‌شد هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌رێم جۆرێك له سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه. ئه‌زموون سه‌لماندی كاتێك ئێران بیه‌وێت ئه‌و هێرشانه نه‌كرێن، نه‌ده‌كران. له سه‌رده‌می كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپدا، كاتێك ئێران ترسی له كاردانه‌وه‌ی تره‌مپ هه‌بوو، توانی رێگری بكات له هه‌موو هێرشێك بۆ سه‌ر هه‌موو شوێنی عێراق، كه بنكه‌ی ئه‌مه‌ریكایی لێ‌بوو. بۆیه ده‌كرێت بوترێت، سه‌ری داوه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ستی خاوه‌ن ئه‌جێندا هه‌رێمایه‌تییه‌كان.
پرسیار: ئایا بایدن سازش بۆ ئێران ده‌كات؟
دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: نه‌خشه‌كه له‌وه ئاڵۆزتر و گه‌وره‌تره. ئیداره‌ی بایدن به هه‌ستیارییه‌وه مامه‌ڵه ده‌كات. مه‌به‌ستی نییه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تووشی شه‌ڕ ببێت. زۆر گوێی نه‌داوه‌ته خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ئه‌مه‌ریكا له‌م ناوچه‌یه یه‌ك شت بۆی گرنگه، ئه‌ویش سه‌ركه‌وتنی دانووستانی چه‌كی ناووكییه.
ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت تووشی قوڕاوێك بێت تێی بچه‌قێت. ناشیه‌وێت ده‌ست له به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبگرێت.
هه‌روه‌ها نایه‌وێت ده‌ست لێره هه‌ڵبگرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌فغانستان. پیشانیشان داوه، ئاماده نین، شه‌ڕێك بكه‌ن، كۆتایی نه‌بێت.
ئێرانیه‌كانیش ئه‌وه‌یان قۆستووه‌ته‌وه، به ئازایی و بوێرییه‌وه شه‌ڕ به ئه‌مه‌ریكا ده‌فرۆشن، حه‌شد و خه‌ڵكی دیكه له دژیان ده‌جوڵێنن، بۆ ئه‌وه‌ی ناچار به سازشیان بكه‌ن. ته‌نانه‌ت له دانووستانی ناووكیش سازیشیان پێ بكه‌ن. ئێرانییه‌كان به‌رچاویان روونه، ئه‌جێندایان روونه.
رێبه‌ری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومه‌ته‌كه‌یان بڕیاریان داوه، له كۆتاییدا ده‌بێت ئه‌مه‌ریكا له‌م ناوچه‌یه هه‌ڵبكه‌نن، هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش ده‌خه‌نه ژێر فشاره‌وه.
ئێرانییه‌كان له‌م ناوچه‌یه هه‌ر هاوبه‌شێك هه‌بێت ببێته هۆی مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ده‌یخه‌نه ژێر فشاره‌وه. بۆیه ئه‌و باجه‌ی ئێمه ده‌یده‌ین، باجی ئه‌و هاوبه‌شیه‌یه، كه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌مانه.
پرسیار: ئایا به‌غدا به‌شێكه له‌و ئه‌جێندایه؟
دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: ئه‌گه‌ر عێراقێك، حكومه‌تێك، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان، نه‌توانێت خۆی بپارێزێت له هێزه ناحكوومییه چه‌كداره‌كان، چۆن تۆ ده‌پارێزێت. ئه‌مه به‌ڵگه نه‌ویسته، عێراق سه‌روه‌ری له‌ده‌ستداوه، سه‌روه‌ری یاسایی تێدا نییه. حكومه‌ته‌كه‌ی توانای كۆنترۆڵكردنی هێزه چه‌كداره‌كانی نییه. خۆی بووه‌ته دیلی هه‌ژموونێك، كه به ئاسانی لێی ده‌رناچێت. ئه‌گه‌ر گله‌یی بخه‌ینه ئه‌ستۆی و بڵێین ئه‌و به‌رپرسیاره، ئه‌وا ئێمه‌ش ده‌بینه قوربانی.
عێراق له رووی سیاسی، یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه گرنگه و ده‌توانی به‌غدا سه‌غڵه‌ت بكه‌یت، سیاسه‌تێكی نوێ له خۆ بگری، هه‌م له هێزه چه‌كداره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت و به هیمه‌تی هه‌موو لایه‌ك و هاوكاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سنوورداریان بكات و گرنگییه‌كی زیاتر بدات به هه‌رێم و بیاكات به هاوبه‌شێكی راسته‌قینه بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه سنوورێك بۆ حه‌شد دابنرێت.
زۆر توانای ته‌كنۆلۆجی و سه‌ربازی هه‌یه، به هه‌رێم ناكرێت راسته‌وخۆ له ده‌ره‌وه بیهێنێت، به‌ڵام عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێك ده‌توانێت زۆر پێداویستی لۆجستی بهێنێت و بۆ هه‌رێم دابنرێت، ره‌نگه بتوانێت خۆی بپارێزێت.
پرسیار: ئه‌م فشارانه بۆ سه‌ركه‌وتنی ئێرانه له ڤیه‌ننا و ناچاركردنی هه‌رێم بۆ چوونه ژێر هه‌ژموونی ئێران، ئایا وایه؟
دكتۆر دلاوه‌ر عه‌لائه‌دین: به وردی ناتوانرێت بوترێت وایه. به دڵنیاییه‌وه ئه‌و ره‌فتار و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه لێره ده‌گوزه‌رێت، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به‌و یارییه گه‌وره‌ی نێوان زلهێزێك و ئێران و په‌یوه‌سته به هونه‌ری دانووستان و ئێران هونه‌رمه‌نده له‌وه‌ی بتوانێت به‌رامبه‌ره‌كه‌ی تووشی ماندوو بوون بكات.
هاوكات ئێران ئه‌وه‌نده لاواز بووه و ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی له‌سه‌رییه‌تی ئه‌وه‌نده تونده و هاتنی بایدن گه‌مارۆكانی له‌سه‌ر لانه‌چوو، ئه‌مه‌ش وایكردووه، ئێران زۆر مه‌ینه‌تی هه‌بێت و بۆیه هه‌موو جۆره گرژییه‌ك درووست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌و گه‌مارۆیانه رزگاری بێت.
بیرۆكه‌یه‌ك هه‌بوو گفتوگۆی دانووستانی ناووكی په‌یوه‌ست بكرێت، به به‌رنامه‌ی ناووكی و ره‌فتاری ئێران له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئێران ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌رۆكه‌ی كه هاتووه، هاوبۆچوونه له‌گه‌ڵ خامه‌نه‌یی و بۆچوونیان ئه‌وه‌یه دانووستانی ناووكی فراوان نه‌بێت و قوڵتر نه‌بێت.
ئه‌و ره‌فتارانه‌ی له هه‌رێم به‌كاری ده‌هێنن، به‌شێكی دانه‌بڕاوه له‌گه‌ڵ پاكێجی دانووستانه‌كان. مه‌رج نییه وابكات هه‌رێم بخاته ژێر هه‌ژموونی ئێران و واده‌كات هه‌رێم له ململانێكاندا خۆی له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مه‌ریكا یه‌كلا نه‌كاته‌وه، متمانه‌شیان نییه و پێویسته هه‌رێم دڵنیاییان پێ بدات و په‌یوه‌ندی به‌هێز بكات له‌گه‌ڵ ئێران.
ئێمه ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین، له ناوخۆدا له رووی سه‌ربازیی و تواناوه به‌هێز بین و له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان له رووی سیاسییه‌وه له گفتوگۆدا بین له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌مه‌ریكا و توركیا و له به‌غداش شتێكی وا بكه‌ین، پردی متمانه درووست بكه‌ین و له رێی سیاسه‌ته‌وه خۆمان بپارێزین.
ئه‌و مووشه‌كانه په‌یامی سیاسیین و فشاری سیاسیین بۆ یارییه‌كی سیاسیی، بۆیه ده‌بێت چاره‌سه‌ری ئێمه‌ش سیاسیی بێت. چونكه ئێمه به‌وه راناگه‌ین له هه‌رێمێكی بچو‌وكدا، كه هاوپه‌یمانه ئه‌مه‌ریكاییه‌كه‌مان ئاماده نییه خۆیشی بپارێزێت نه‌ك ئێمه بپارێزێت، ده‌بێت هه‌رێم بۆ خۆی چاره‌سه‌ری ئه‌وه بكات و به‌رچاو روونی بدات و په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی به‌هێز درووست بكات، له رووی ئابووری و سیاسیی و هه‌موو شێوازێك په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌هێز بكات.
ئه‌وان ترسیان له زۆر شتی دیكه‌ی شاراوه و ئاشكرا هه‌یه و ده‌بێت ئێمه نه‌خشه رێگه‌یه‌ك بۆ خۆمان دابڕ‌ێژین و ئه‌م ناوچه‌یه به زیندوویی بهێڵینه‌وه، په‌یوه‌ندیمان باش بێت.
دڵنیاشم له‌وه‌ی ئێران و توركیا نایانه‌وێت هه‌رێم بته‌پێت، به‌ڵام ناشیانه‌وێت هێنده به‌هێز بێت سه‌ربه‌خۆ بێت، ئه‌و په‌یوه‌ندییه لێكتێگه‌یشتنه له ئاستێكی به‌رزی سیاسیی‌دا گرنگه، نه‌ك كاردانه‌وه به ته‌سكبینی بۆ مووشه‌كێك، كه له لایه‌ن هێزێكی ناحكومی ئاراسته ده‌كرێت.