گرنگترین بڕیاره‌كانی لووتكه‌ی نێوان عێراق و ئوردن و میسر له‌ به‌غدا

عێراق لەرێگەی ئەم لوتکەوە دەیەویت لە هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئەمه‌ریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیك بێتەوە، به‌تایبه‌ت سعوودیە و میسر و ئوردن

K24- هه‌ولێر:

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، شا عەبدوڵای دووەم، پاشای ئوردن لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك کۆماری عێراق لە بەغدا لە لوتکەیەکی هاوبەشدا باسیان لە پەیوەندییەکانی هەرسێ وڵات، هەماهەنگی و ئاڵوگۆری ئابووری، وەبەرهێنان و شەڕی دژه‌ تیرۆریانكرد.

سەرۆك کۆماری عێراق لوتکەکە بە پەیامێکی گرنگ و بەهێز لەناو کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا ناودەبات.

لە کۆتایی لوتکەکەدا بەیاننامەیەکی هاوبەشی 29 خاڵیان بڵاوکردەوە و گرنگترینیان بریتین لە:

- هەماهەنگی ئاسایش و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری لە نێوان هەرسێ وڵات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکە.

- جەختیکردنەوە لەسەر گرنگی رێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی شاری ئابووری عێراق – ئوردەنی، ئەولەوییەتی دامەزراندنی پڕۆژەکەش بۆ کۆمپانیاکانی هەر سێ وڵات دەبێت.

- بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لە نێوان هەرسێ وڵات و بەستنەوەی بۆری غازی عێراق و میسر لە رێگەی ئوردنەوە.

- پشتگیری هەوڵەکانی عێراق بۆ سەقامگیری و رێگریكردن له دەستوەردان له کاروباری ناوخۆیی.

- پشتیوانیکردن له هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەخته.

عێراق لەرێگەی ئەم لوتکەوە دەیەویت لە هاوپەیمانە عەرەبەکانی ئەمه‌ریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیك بێتەوە، لەناویشیاندا سعوودیە و میسر و ئوردن.

عێراق لە رۆژهەڵاتیەوە ئێران و لە باشووریەوە سعودیە هەڵکەوتوون، دوو نەیاری سەرسەختی یەکتر، دەیەوێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئەمنی وڵاتەکەی و ناوچەکەش ببێتە نێوەندگیر لەنێوانیاندا. بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی عێراق، نیسانی ئەمساڵ بە نێوەندگیری عێراق کۆبوونەوەی نهێنی لەنێوان ریاز و تاران لە بەغدا بەڕێوەچووە. ئەمەش لە ساڵی 2016ـەوە و دوای ئەوەی سعوودیە بەفەرمی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند، بە یەکەم کۆبوونەوە دادەنرێت،‌

ئەم دوو نەیارە لە پشت ململانێ و بەریەککەوتنەکانی ناوچەکەوەن، هەریەکە و لەدژی ئەوی دی هاوکاری گروپێك دەکات هەر لە سووریا و لوبنان و فه‌له‌ستینه‌وە تا دەگاتە عێراق و یەمەن.

لە 30 ساڵی رابردوودا یەکەمجارە سەرۆکی میسر سه‌ردانی بەغدا ده‌كات.

ئۆفیسی عەبدولفەتاح سیسی رایگەیاند: سەرۆکی میسر بە سەرۆك کۆماری عێراقی گوتووە: قاهیرە ئامادەیە و چاوی لە پەرەپێدانی هاوکاریی و هەماهەنگیە ئابوورییەکانیەتی لەگەڵ بەغدا.

سەرۆك کۆماری عێراقیش لە وەڵامدا گوتوویه‌تی: عێراق زۆر ئامادەیە هەماهەنگیەکانی تا ئاستی هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ میسر به‌رز بكاته‌وه‌، کە ئەوەش دەبێتە بەردی بناغەی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە.

لە چەند ساڵی رابردوودا شاندی عێراق و میسر ناوبەناو سەردانیان هەبووە و پەیوەندییەکانی بەغدا و قاهیرە بەرە و باشی چوون.

شا عەبدوڵای دووەمیش دوای 10 ساڵ، بۆ یەمەمجار سەرەتای ساڵی 2019 سەردانی بەغدای کردووە و ئەمە دووەم سەردانیەتی.

لوتکەکە لە چوارچێوەی دانانی میکانیزمێك دایه‌ بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان هەرسێ وڵات، گەڕی یەکەمی له‌ ساڵی 2019 لە قاهیرە به‌ڕێوه‌چوو و گەڕی دووەمیشی لە بەغدا بەرێوەچوو.

H.B