نزیكه‌ی 200 ڕفێنراوی ئێزیدی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان له‌سه‌ره
هۆشداری ده‌درێته هێزه عێراقییه‌كان
K24 - هه‌ولێر
به‌رپرسی نوسینگه‌ی كاروباری ڕفێنراوان له‌پارێزگای دهۆك ڕاگه‌یاند نزیكه‌ی 200 كه‌س له كچان و ژنانی ئێزدی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان له‌سه‌ره.
حسێن كۆرۆ ئهلقائیدی به‌رپرسی نوسینگه‌ی كاروباری ڕفێنراوان له‌پارێزگای دهۆك به كوردستان 24 ی ڕاگه‌یاند : نزیكه‌ی دووسه‌د كه‌س له‌و كچ و ژنه ئێزیدیانه‌ی كه‌له‌لایه‌ن داعشه‌وه ڕفێنراوون،ئێستا لهفهلوجهن و به‌هۆی هێرشی هێزه عێراقییه‌كان و بۆردوومانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان،هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه.
له‌باره‌ی جێگه و شوێنی ئه‌و ڕفێنراوانه ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه زانیاری ته‌واومان له‌باره‌ی هه‌بوونی ئه‌و ژماره له كچان و ژنانی ئێزدیی هه‌یه و به‌رپرسانی سوپای عێراق و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیمان لهههبوونیان ئاگاداركردوه‌ته‌وه تاوه‌كو له‌میانی ئۆپه‌راسیۆنی ڕزگاركردنی ناوچه‌كانی فه‌لوجه‌دا ئاگاداربن و بیان پارێزن.
حسێن كۆرۆ له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسییه‌كانه‌وه گوتی جگه له‌وه‌ی ئه‌وانه لهناوچهیهكدان هێرش و بۆردومانی تێدایه،دوورنییه له‌لایه‌ن داعشه‌وه وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی بۆ پاریزگاریكردن له‌خۆیان به‌كاریانبهێنن.
له‌مانگی ئابی ساڵی 2014 له‌كاتی داگیركردنی شه‌نگال و ناوچه‌كانی ئێزدییه‌كاندا ژماره‌یه‌كی زۆر له كچان و ژنانی ئێزیدی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه ڕفێنران.