ئوسترالیا: بە بایەخەوە لە دۆخى هەرێمى کوردستان دهڕوانین
پێزانینى وڵاتەکەى بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان بەتایبەتى ئاوارەى مەسیحى و ئێزدی دووپات کردەوە
K24 – ههولێر:
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/6/29 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە پۆڵا گانلى، باڵیۆزى ئوسترالیا لە عێراق کرد کە دواى دەستبەکاربوونى یەکەمجارە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ ئەوەى لە نزیکەوە دۆخى هەرێمى کوردستان و دید و بۆچوونى سەرکردایەتیى هەرێم لەبارەى پرسەکانەوە بزانێت.
لە کۆبوونەوەیەکدا نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست، هەروەها خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برهودانى پەیوەندییەکانى لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ ئوسترالیا دەربڕى و سوپاسى پشتگیرى و هاریکاریى وڵاتەکەى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆردا کرد.
لاى خۆیەوە گانلى جەختى لەوە کردەوە کە وڵاتەکەى بە بایەخەوە لە دۆخى عێراق و هەرێمى کوردستان دەڕوانێت و خوازیارى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکاریى نێوانیانە، هەروەها باسى لە ڕۆڵى پێشمەرگەى لە تێکشاندنى داعشدا کرد و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان بەتایبەتى ئاوارەى مەسیحى و ئێزدی دووپات کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا شەڕى تیرۆر و هۆکار و مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى داعش، پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و هەڵمەتى کوتان بە ڤاکسینى دژى پەتاکە، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تاوتوێ کران.