نووسینگەی رێکخەر بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دادگاکان سەربەخۆن و حكومه‌تیش دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات

بڕیاری دادگا بۆ سه‌پاندنی سزای زیندانیكردنی 6 ساڵ به‌سه‌ر 5 كه‌سدا دوای بڕینی گشت فلتەری دامەزراوە یاساییەکان پەسەندکرا

دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر
دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جه‌ختی كرده‌وه‌، دادگاكان له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست له‌ كاروباری دادگاكان وه‌رنادات و دووپاتیكرده‌وه‌، حوکمەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەهایانەی گرتووه‌تە باوەش کە بۆ بەرجەستەکردنی وڵاتی دامەزراوەیی و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هاوچەرخ پێویستن، به‌ پشت به‌ستن بە ستراتیژیه‌تێكی پته‌و بۆ داڕشتنی یاسا و رێساكان بەشێوەیەك، کە لەبەرژەوەندی ئازادییەكانی تاكدا بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ چه‌ندین رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ و تا ئێستاش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) 60 جار سه‌ردانی گرتووخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ دۆخی زیندانییان ئاگاداره‌.

سباره‌ت به‌و 5 كه‌سه‌ش كه‌ سزای زیندانیكردنی 6 ساڵیان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌، نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "دوای ئەوەی پەڕاوی دادگا رەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوە كرا، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیارەکەی دادگای تاوانی پەسەند کرد و دوای بڕینی گشت فلتەری دامەزراوە یاساییەکان، بڕیارەکە پەسەندکرا".

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، "حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەنی و ئازادی راگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەت لە بواری ئازادی میدیادا".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان:

لە 16ی شوباتی 2021 دا دادگای تاوانی هەولێر سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەر 5 تۆمەتباردا سەپاند. دوای ئەوەی پەڕاوی دادگا رەوانە کرا بۆ تێهەڵچوونەوە، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیارەکەی دادگای تاوانی لە 6 ی ئایاردا پەسەند کرد. لە 27 ی حوزەیراندا، دوای بڕینی گشت فلتەری دامەزراوە یاساییەکان، بڕیارەکە پەسەندکرا.

حكومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بەهایانەی گرتووه‌تەوە باوەش کە پێویستن بۆ بەرجەستەکردنی وڵاتی دامەزراوەیی، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هاوچەرخ، و پشت دەبەستێت بە ستراتیژیه‌تی پتەو بۆ داڕشتنی یاسا و رێسا بەشێوەیەك، کە لەبەرژەوەندی ئازادییە تاکەکەسییەکاندا بێت.

دادگاکان سەربەخۆن و حكومەتیش دەست لە پرۆسە یاساییەکان وەرنادات. داوا لە قەوارە بیانی و ناوخۆییەکان دەکەین رێز لە بڕیارەکانی دادگا بگرن.

هاوکات، دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن تەنیا بە بڕیاری دادگا جێبەجێ دەکرێن.

دادگای تاوانەکان دۆسیەی ئەو پێنج کەسەی گواستەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە، دادگایەکەش لە دوو قۆناغی یاساییدا بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری پەسەندکرد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان میدیای ئازاد بە کۆڵەگەیەکی گرنگی حوکمڕانی و توخمێکی بنەڕەتی دیموکراسی دەزانێت. ئێمە شانازی دەکەین کە کوردستان میدیای ئازاد و بێ بەندوباوی هەیە و نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندنە لە ناوچەکە و هەمیشە پێویستی هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخەکە.

حكومەتی هەرێم داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) و نووسینگەی تایبەتی کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کردووە، هاوکار بن لە بەرەوپێشبردنی سیستەمی یاسایی. هاوکات، ئێستا هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی بیانی هەیە بۆ راهێنان بە دادوەران.

هەروەها، حكومەتی هەرێم رێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سوور هەیە و بە گوێرەی رێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەره‌كانی چاکسازی بکات لە هەرێم. یۆنامییش بەم دواییانە مۆڵەتی سەردانی پێدراوە. لە ژێر رۆشنایی ئەم رێککەوتنە، یۆنامی 14 سەردانی ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ 60 زیندانی ئەنجامداوە.

لە هەمان کاتدا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بانگهێشت کراون بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازیی یاسایی و دادوەرییەکان لە هەرێم. هەروەها، دامودەزگاکان سەبارەت بە پرسی ئازادییەکان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکای رۆژنامەنووسان لە گفتوگۆ دان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەنی و ئازادی راگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا.

H.B