عامری: ئه‌ركمان ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكایه
داگیركارییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا هیچ پشتیوانێكی یاسایی و شه‌رعی نییه. مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر خاكی عێراق نایاساییه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح، هادی عامری، رایگه‌یاند، به‌رپرسیارێتی مێژووییمان ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كانه له عێراق.
ئه‌مڕۆ له مه‌راسیمی 101 ساڵه‌ی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی 1920ی عێراق، هادی عامری له پارێزگای موسه‌ننا په‌یامێكی ئاراسته كرد.
عامری گوتی: سه‌قامگیری عێراق و گه‌شه‌كردنی نایه‌ته دی، كاتێك هێزی داگیركاری ئه‌مه‌ریكایی لێره‌ن و ئه‌جێندای "زایۆنی" جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
گوتیشی: سه‌قامگیری ناوچه‌كه، په‌یوه‌سته به سه‌قامگیری عێراقه‌وه. تا هێزی داگیركاری ئه‌مه‌ریكایی له عێراق بمێننه‌وه، ئه‌وه روونادات و ناوچه‌كه سه‌قامگیری به خۆوه نابینێت.
هادی عامری داوای له هه‌موو عێراقییه‌كان و لایه‌نه‌كانی ناو حكومه‌ت كرد، فشاری خۆیان ده‌ستپێبكه‌ن بۆ ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان.
ئه‌وه‌شی گوت: داگیركارییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا هیچ پشتیوانێكی یاسایی و شه‌رعی نییه. مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر خاكی عێراق نایاساییه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، هادی عامری گوتی: به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و مێژوویی ئێستامان بریتییه له ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق.
سه‌باره‌ت به داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، هادی عامری گوتی: ئه‌و داوایه به ته‌واوی ره‌تكراوه‌یه.