واشنتن رێگه‌ نادات ئێران ده‌ستى به‌ سيستمى بانكى ئه‌مريكا رابگات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێگا نادات ئێران دەستی بە سیستەمی دارایی و بانکیی ئەو وڵاتە رابگات، بەڵام رێگا لە هاوکاریی بانکە ئەوروپییەکان لەگەڵ ئێران ناگرێت.

K24 – هه‌ولێر:

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێگا نادات ئێران دەستی بە سیستەمی دارایی و بانکیی ئەو وڵاتە رابگات، بەڵام رێگا لە هاوکاریی بانکە ئەوروپییەکان لەگەڵ ئێران ناگرێت.

ئادام زوبین، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمریکا،  لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەری ئەمریکا رایگەیاند، هەموو بانکەکانی جیهان دەستیان بە دۆلاری ئەمریکی رادەگات و ئەوانەش لە ژێر حوکمڕانیی ئێمەدا نین و دەتوانن سەرمایەی دۆلاری خۆیان بدەن بە هەر کەسێک کە حەز بکەن و دەتوانن لەگەڵ ئێرانیش بازرگانی بکەن. بەڵام ئێران ناتوانێ راستەوخۆ دەستی بە سیستەمی دارایی ئەمریکا رابگات.

پیشتر ئێد رووئیس، سەرۆکی کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە دەستڕاگەیشتنی ناڕاستەوخۆی ئێران بە سیستەمی درایی ئەمریکا نیگەرانیی دەربڕیبوو.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ستێفان مول رێكخەری ئەمریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەر ئێران دەیەوێت، دەستی بە سەرچاوە ئابوورییەكانی لە دوای ھەڵگرتنی گەمارۆكان بگات دەبێ تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی رابگرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا گوتیشی: ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت لە دەرفەتە ئابوورییەكانی بەردەمی كەڵك وەربگرێت دەبێ سەرەتا كێشە ناوخۆییەكانی كە كاریگەرییان لەسەر بڕیارەكانی لە ناوچەكە و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ھەیە چارەسەر بكات.

ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپا تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی ئێران كە ھەڵگری كڵاوەی ئەتۆمین بە پێشێلكردنی رێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەزانن و ئێرانیش دەڵێت تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی تەنیا بۆ بەھێزكردنی توانای بەرگری وڵاتەكەیە.

له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریكا دەیەوێت بە قەدەغەكردنی كڕینی ئاوی قورسی ئێران گوشارەكانی بۆ سەر ئێران زیاتر بكات.

عەباس عەراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە كاردانەوە بە پەسەندكردنی پرۆژە یاسایەك لە كۆنگرێسی ئەمریكا لەبارەی قەدەغەكردنی كڕینی ئاوی قورسی ئێران رایگەیاند، فرۆشتنی ئاوی قورسی ئێران لە خاڵەكانی رێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و شەش وڵاتی زلھێزی جیھان نییە.

گوتیشی: پەسەندكردنی ئەو پرۆژە یاسایە ھیچ گرنگییەكی نییە و ئێران گرێبەستی لەگەڵ ئەمریكا ھەیە بۆ كڕینی 40 تەن ئاوی قورسی ئێران.

كۆنگرێسی ئەمریكا رۆژی چوارشەممە، پرۆژەیاسایەكی پەسەند كرد كە تیایدا كڕینی ئاوی قورسی ئێرانی لە لایەن ئەمریكاوە قەدەغە كرد.