كازمی داوایه‌ك له ئێران و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
به هۆی رووداوه‌كانی پایزی 2019 عێراق به قۆناغێكی ناهه‌مواردا گوزه‌ری كرد و هێشتا ئاسته‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌كان ماوون
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی ئیتیحادی، مسته‌فا كازمی رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی داوای له كۆماری ئیسلامی ئێران و ئه‌مه‌ریكا كردووه، له عێراقدا رووبه‌ڕووی یه‌كدی نه‌بنه‌وه.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، كه ئاژانسی فرانس پرێس لێی گواستووه‌ته‌وه، مسته‌فا كازمی رایگه‌یاندووه، حكومه‌ته‌كه‌ی له هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه بۆ ئه‌وه‌ی عێراق رووه‌و كاره‌ساتی زیاتر هه‌نگاو نه‌نێت.
گوتیشی: به هۆی رووداوه‌كانی پایزی 2019 عێراق به قۆناغێكی ناهه‌مواردا گوزه‌ری كرد و هێشتا ئاسته‌نگ و هه‌ڕه‌شه‌كان ماوون.
كازمی له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌یه‌كی ئیتاڵی باسی له‌وه‌شكردووه، كه حكومه‌ته‌كه‌ی داوای له ئێران و ئه‌مه‌ریكا كردووه له‌سه‌ر خاكی عێراق رووبه‌ڕووی یه‌كدی نه‌بنه‌وه و خۆیان له ململانێ بپارێزن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، ئه‌گه‌ر ئێران و ئه‌مه‌ریكا له دانووستانه‌كانی تایبه‌ت به وزه‌ی ناووكی ئێران بگه‌نه رێككه‌وتن، كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر ره‌وشی ئه‌منی و سه‌قامگیری سیاسی عێراق ده‌بێت.