سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری دەکات
لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیان تاووتوێ کرا.
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ یەکشەممە 4 ی تەممووزی 2021 ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیان تاووتوێ کرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە کاری لەپێشینەی حکومەت، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو برەودان بە داهاتە گشتییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکات لەگەڵ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران ، بەردەوامیش بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەکان و ڕەخساندنی هەلیکار بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕێکخستنەوەی باج و رسومات و میکانیزمی کۆکردنەوەی باجەکان تاووتوێ کرا و بڕیاردرا ، جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرپەرشتی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات بکات.
دووپاتیشکرایەوە کە کابینەی نۆیەم هیچ باجێکی زیاد نەکردووە، بەڵکو تەنیا شێوازی کۆکردنەوەی باجەکانی ڕێکخستووەتەوە و ئەو باجانەی پێشتر بە پێی یاسا دانراون، کۆیان دەکاتەوە بە بێ ئەوەی کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر بژێوی هاووڵاتیان و بەتایبەتی چینی هەژار ومام ناوەندی کۆمەڵگە و جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها جەخت لە دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و دیاریکردنی نرخ و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و بەرزبوونەوەی نرخ کرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە بە ڕەچاوکردنی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەکاربەرانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا و لە پێناو کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران و نەهێشتنی ڕووتین و لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، بڕیاری دابەزاندنی دەسەڵاتەکانی تایبەت بە کەرتی وەبەرهێنان ومۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان درا.

