رێباز حه‌ملان: رێژه‌یه‌كی كه‌می داهاتی ناوخۆی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه ده‌گه‌ڕێته‌وه
له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی ئابووریدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی داوه‌ته جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، قوباد تاڵه‌بانی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكوڕیانه چاره‌سه‌ر بكات.
K24 – هه‌ولێر:
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ كاروباری دارایی و ئابووری، رێباز حه‌ملان، له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" رایگه‌یاند، له سنووری پارێزگاكانی سلێمانی هه‌ڵه‌بجه رێژه‌یه‌كی كه‌می داهاتی ده‌روازه سنوورییه‌كان و داهاتی باج و ناوخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه حكومه‌ت.
گوتیشی: له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی ئابووریدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی داوه‌ته جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، قوباد تاڵه‌بانی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكوڕیانه‌ی له كۆكردنه‌وه‌ی رێكخستنی باج له سنووری سلێمانی هه‌ن نه‌یانهێڵێت.
سه‌باره‌ت به 200 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدا رێباز حه‌ملان گوتی: ئه‌م كێشه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی سیاسییه، به هیچ شێوه‌یه‌ك كێشه‌یه‌كی یاسایی و ئیداری نییه.
گوتیشی: به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، وه‌زیری دارایی عێراق ئاماده نییه واژووی له‌سه‌ر بكات و بینێرێت. به‌شێكیشی ره‌نگه په‌یوه‌ندی به سیاسییه‌وه بێت. له كۆتاییدا ده‌بێت بینێرن، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یان ناردووه.
له باره‌ی ره‌وشی دارایی هه‌رێمیشه‌وه، رێباز حه‌ملان گوتی: دۆخی دارایی هه‌رێم له چاو ساڵی رابردوودا له ره‌وشێكی زۆر زۆر باشتره. له مه‌سه‌له‌ی داهاتی ناوخۆ و داهاتی نه‌وتیش، به‌ڵام ئێمه چه‌ندین جار وتوومانه، بابه‌تی ئه‌و پابه‌ندیانه‌ی، كه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه، له گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و هه‌ندێك له‌و قه‌رزانه‌ی له گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت كه‌وتوونه‌ته ئه‌ستۆی و ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كه پێشتر گرێبه‌ست كراوون. ئێمه ئه‌و داهاته‌ی له نه‌وت دێته‌وه، %58ی ده‌چێت بۆ ئه‌و پابه‌ندی و قه‌رزانه‌ی له ئه‌ستۆی سامانه سرووشتییه‌كانه.
گوتیشی: داهاتی ناوخۆ دوو مانگه كه‌میكردووه و ئه‌مڕۆ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئابووری ته‌ئكیدی كرده‌وه، ئه‌وله‌ویه‌تی كاری حكومه‌ت دابینكردنی مووچه‌یه و ده‌بێت له پێشینه‌ی هه‌موو كاره‌كان بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێستا بۆ خه‌ڵك ئاشكرایه، كه له هه‌ندێك ده‌روازه كێشه‌مان هه‌یه و داهات وه‌ك خۆی ناگه‌ڕێته‌وه.
روونیشیكرده‌وه، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا جه‌نابی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپارد، كه له كۆكردنه‌وه‌ی داهات و رسووماتی وه‌زاره‌ته‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی باج له هه‌رێمی كوردستان، به ناوی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نی ئابوورییه‌وه، كار بكات و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌رۆك وه‌زیران درایه جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته چاره‌سه‌ر بكات. هه‌موو وه‌زیر و وه‌زاره‌ته‌كانی راسپارد، هاوكاری جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و داهاته به شێوه‌یه‌كی درووست و به بێ گه‌نده‌ڵی و قاچاغچێتی كۆبكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆران له كاتی خۆیدا دابین بكرێت و له پێناو ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كان به‌رده‌وام بێت و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌رده‌وام بن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی به‌غداین، پشت به خۆمان ببه‌ستین باشتره. به‌غدا ده‌ستی ده‌ستیمان پێده‌كات و باشتر وایه داهاتی خۆمان كۆبكه‌ینه‌وه و چاكسازییه‌كی زۆر پته‌و له بواری نه‌وتیش به‌ڕێوه‌یه و وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كان له په‌رله‌مان باسیكرد كه چیان كردووه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان.
له باره‌ی باج و داهاتی ناوخۆوه رێباز حه‌ملان گوتی: كۆكردنه‌وه‌ی باج چووه‌ته قۆناغێكی باش. باج زیاد نه‌كراوه.
ئاشكراشیكرد، ئێستا 200 ملیۆن دۆلار داهاتی ناوخۆمان هه‌یه جگه له نه‌وت. له‌و بڕه 97 ملیۆن دۆلاری هی گومرگه. %65ی هی هه‌ولێر و دهۆكه و %35ی هی پارێزگای سلێمانییه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه كرا، دادپه‌روه‌ری هه‌بێت و هه‌موو پارێزگاكان هه‌وڵبده‌ن داهات وه‌ك پێویست كۆبكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها 27 ملیۆن دۆلاری هی باج بوو، %83ی هی پارێزگای هه‌ولێر و دهۆكه و %17ی هی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌یه و ئه‌و رێژه‌یه كه‌مه، كه له باج ده‌گه‌ڕێته‌وه. پێویسته هه‌موو پارێزگاكان وه‌ك یه‌ك هه‌وڵ بده‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی داهات.
زیاتر له‌و باره‌یه‌وه دواو گوتی: ئێمه له‌م كاته‌دا، مانگانه 504 ملیۆن دۆلار ده‌ده‌ینه مووچه. به لێڕینی %21ه‌كه‌وه. له‌مه‌ش 200 ملیۆن دۆلاری هی داهاتی ناوخۆیه. داهاتی نه‌وتیش 335 ملیۆن دۆلار بووه. واته ئێمه له‌به‌رده‌م ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌ین.
ئ.ر