"کابینەکەی کازمی لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هیچی بەدەستنەهێناوە"
پەرلەمانتارێک: گەندەڵکاران لە دەرەوە بە ئازادی دەسوڕێنەوە
K24 – هەولێر
پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، دوای ساڵێک لە دەستبەکاربوونی کابینەکەی مستەفا کازمی، نەیتوانیوە بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و لەم رووەوە هیچی بەدەستنەهێناوە.
باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراق رەخنە لە کابینەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران دەگرێت و دەڵێ "سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر تەمەنی کابینەکەی، کەچی نەیتوانیوە پێشکەوتنێکی جۆری لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەبێت، بەڵکو گەندەڵی لە تەواوی دامەزراوەکانی حکومەت وەک خۆی بەردەوامە و گەندەڵکارانیش لە دەرەوە بە ئازادی دەسوڕێنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرووە "ئەو هەڵمەتەی حکومەت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بانگەشەی بۆ دەکات، جگە لە دەستکەوتێکی میدیایی، هیچی تر نییە. بەهۆکاری شکستی کابینەکەی مستەفا کازمی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران، فشار و موزایەدەی سیاسی زیادیان کردووە".