رووسیا: له‌گه‌ڵ توركیا باسی به‌ردانه‌وه‌ی ئاومان بۆ باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا كردووه
K24 – هه‌ولێر:
نێرده‌ی تایبه‌تی رووسیا بۆ سووریا، ئه‌لێكسه‌نده‌ر لاڤرینتییڤ، رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره پرسی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی بۆ ناوچه‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا كردووه.
ئه‌مڕۆ له په‌راوێزی كاره‌كانی شازده‌یه‌مین خولی دانووستانه‌كان به شێوازی ئه‌ستانه، كه له شاری نورسوڵتانی پایته‌ختی كازاخستان به‌ڕێوه‌چوون، ئه‌لێكسه‌نده‌ر لاڤرینتییڤ، رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره باسی پرسی بێئاوی ناوچه‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریامان كردووه.
گوتیشی: زیاتر له ملیۆنێك هاووڵاتی له پارێزگای حه‌سه‌كه رووبه‌ڕووی گرفتی بێ ئاوی بوونه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش ئه‌ركی توركیایه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری سه‌ركه‌وتنی دانووستانه‌كانی ئه‌ستانه‌ی كردووه، هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه بنێت.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌و پرسه ره‌هه‌ندی مرۆیی هه‌یه و په‌یوه‌سته به ژیانی چوار ملیۆن مرۆڤه‌وه له سنووری پارێزگای حه‌له‌ب و حه‌سه‌كه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاوی رووباری فورات، به ده‌ر له‌و رێككه‌وتنه‌ی له نێوان دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره‌دا هه‌یه، كاره‌سات به دوای خۆیدا ده‌هێنێت.