سەربازانی نیوزلەندا لە عێراقەوە بۆ وڵاتەكەیان دەگەڕێنەوە
"مەشق و راھێنانیان بە زیاتر لە 6 ھەزار ئەندامی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق كردووە"
K24 - ھەولێر
دوای تەواوبوونی ئەركەكانیان لە عێراق 70سەربازی نیوزلەندا بۆ وڵاتەكەیان گهڕانهوه.
وەزارەتی دەرەوەی نیوزلەندا رایگهیاند: "دوای مەشقپێکردن و ھاوكاریكردنی ھێزە عێراقییەكان 70 سەرباز گەڕانەوە بۆ نیوزلەندا".
پێگەی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی نیوزلەندا بڵاویكردووهتەوە: "سەربازانی ھێزەكانی نیوزلەندا و ئوسترالیا لە مانگی 4ی ساڵی رابردووەوە مەشق و راھێنانیان بە 6 ههزار و 600 ئهندامی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق كردووە، ئێستاش 350 ئهندامی هێزه عێراقییهكان ههر لە مەشق و راھێنانکردن بەردەوامن".
جگە لە نیوزلەندا و ئوسترالیا چەندین وڵاتی دیکە مەشق و راھێنان بە سەربازان و ھێزە ئەمنییە ناوخۆییەكانی عێراق دەكەن، لە پێناو زیاتر بەھێزكردنی تواناكانیان و رووبەڕوبونەوەی تیرۆر، كە چەندین ساڵە ئەو وڵاتە بەدەستییەوە دەناڵێنێت و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر ھاوڵاتی دەبنە قوربانی.