ئه‌ردۆغان: ئێمه خاوه‌نی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خۆمانین كه له ساڵی 2005 به‌ڵێنمان له‌سه‌ر دابوو
زیندانی دیاربه‌كر كه پێشتر به شوێنی ئه‌شكه‌نجه‌دان ناسرابوو، ده‌كرێته ناوه‌ندێكی كولتووری

K24- دیاربه‌كر:
ئه‌مڕۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه، سه‌ردانی شاری دیاربه‌كری باكووری كوردستانی كرد و دواتر له‌به‌رده‌م بینایه‌ی پارێزگا گوتارێكی پێشكه‌ش كرد، رایگه‌یاند: ئێمه خاوه‌نی ئه‌و گوتانه‌ی خۆمانین كه له ساڵی 2005 كردوومانه و په‌نجه‌ی تۆمه‌تی له‌باربردنی پرۆسه‌ی ئاشتیشی بۆ په‌كه‌كه درێژكرد.
جێگای ئاماژه‌یه، ئه‌ردۆغان له ساڵی 2005 گوتبووی: "پرسی كورد پرسی ئێمه‌یه و خۆمان چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه ده‌كه‌ین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، زیندانی دیاربه‌كر كه پێشتر به شوێنی ئه‌شكه‌نجه‌دان ناسرابوو، ده‌كرێته ناوه‌ندێكی كولتووری.
سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی ئاشتیش له باكووری كوردستان و توركیا، ئه‌ردۆعان جه‌ختی كرده‌وه، ئێمه هه‌ر خاوه‌نی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی خۆمانین كه له ساڵی 2013 بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌مان دابوو، به‌ڵام په‌كه‌كه كۆتایی به‌و پرۆسه‌یه هێنا.
له سه‌ره‌تای گوتاره‌كه‌دا ئه‌ردۆغان به زمانی كوردی سڵاوی له خه‌ڵكی دیاربه‌كر كرد و دواتر پارچه هه‌ڵبه‌ستێكی شاعیری ناوداری باكووری كوردستان، مه‌لای جزیریی به زمانی كوردی پێشكه‌ش به ئاماده‌بووان كرد.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، شرۆڤه‌كار و سیاسه‌تمه‌دارانی باكووری كوردستان پێشبینی ئه‌وه‌یان ده‌كرد سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌و سه‌ردانه‌یدا ئاماژه به چاره‌سه‌ركردنی پرسی كورد له توركیا بكات، له‌وباره‌شه‌وه دیجله موحه‌مه‌د، سه‌رۆكی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی دووپاتی كرده‌وه: هه‌رچه‌ند سته‌مكاری و فشاره‌كان زیانی زۆری به كورد گه‌یاندووه، به‌ڵام هیچ سوودێكی بۆ توركیاش نه‌بووه، بۆیه خه‌ڵك چاوه‌ڕێی بیستنی په‌یامێكی ئه‌رێنییه.
سه‌رۆكی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی گوتی: "ئه‌وه‌ی ده‌یبیستین، ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ئه‌ردۆغان موژده‌یه‌كمان پێ ده‌دات، به‌ڵام ئێمه نازانین ئه‌و موژده‌یه بۆ كورد باش ده‌بێت یان خه‌راپ، ماوه‌ی 4 ساڵه دۆخه‌كه بۆ كورد خه‌راپه، ئێمه ده‌مانه‌وێت گوێمان له په‌یامی ئه‌رێنی بێت، كاری باش بۆ كورد بكرێت و دان به زمانی كوردیدا بنرێت".
هاوكات عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌رگین، سه‌رۆكی لقی دیاربه‌كری پارتی سه‌عاده‌ت گوتی: كورد چاوه‌ڕێ ده‌كات، له‌و سه‌ردانه‌ی ئه‌ردۆغاندا هه‌نگاوی باش له بواری زمانی كوردیدا بنرێت.
ئه‌رگین گوتی: "ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌باره‌ی زمانی كوردی هه‌نگاوێكی باش بنرێت، پێویسته له سه‌ردانه‌كه‌یدا سه‌رۆك كۆمار باس له‌و بابه‌ته بكات، خه‌ڵكی چاوه‌ڕێی ئه‌و بابه‌ته ده‌كات، ده‌بێت جارێكی دیكه پرۆسه‌ی ئاشتی زیندوو بكرێته‌وه، هه‌ر خۆیشی گوتبووی: پرۆسه‌ی ئاشتی كۆتایی نه‌هاتووه، ئه‌مه‌ش مانای وایه، كه ده‌بێت جارێكی دیكه ده‌ست به‌و پرۆسه‌یه بكرێته‌وه".
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا دوا جار كه سه‌ردانی شاری دیاربه‌كری كردبوو، له 9ی ئادار/ مارسی ساڵی 2019 بوو، كه بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌داری سه‌ردانی باكووری كوردستانی كردبوو، شرۆڤه‌كارانیش ده‌ڵێن، دوای رێككه‌وتنی حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ مه‌هه‌په، ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ئه‌ردۆغان كه‌متر سه‌ردانی باكووری كوردستانی كردووه و ده‌بێت سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی سه‌رۆك كۆمار ببێته ده‌ستپێكێك بۆ گۆڕانكاری له سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات.
H.B