پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لە هەولێر دروست دەکرێت

یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 – هەولێر

پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە هەولێر دروست دەکرێت، کە بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و چەندین بەش لەخۆ دەگرێت.

سامان عارەب، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ساڵی رابردوو لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردرا کە مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پڕۆژەی (هەپی ستی) بدرێتم کە یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زەوی بۆ پڕۆژەکە دابینکراوە و ئەو جوتیارانەش قەرەبوو کرانەوە کە زەوییەکەیان دەکەوێتە بەر پڕۆژەکە".

گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە بە گوژمەی نزیکەی 5 ملیار دۆلار لە سەر رووبەری 2 هەزار دۆنم زەوی لە باکووری رۆژئاوای شاری هەولێر لەسەر رێگای هەولێر – دهۆک، ئەنجامدەدرێت".

بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر، روونیکردەوە: "پڕۆژەکە سێکتەرەکانی گەشتیار، نیشتەجێبوون، وەرزشی، کۆمەڵێک سێکتەری دیکە لەخۆ دەگرێت، دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سێیەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیایەکی چینی ئەنجام دەدرێت. ئەو کۆمپانیایە هەولێری هەەڵبژاردووە بەهۆی ستراتیژیەت هەولێری هەڵبژاردووە، کە پێشبینی دەکرێت ساڵانە 14 ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەو شارە دەکەن، حکومەتی چین و وەبەرهێنەرێکی چینی پشتگیری تەواوی پڕۆژەکە دەکەن".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو پڕۆژەیە هەکی کار بۆ 8 هەزار کرێکار دەڕەخسێنێ، بە فەرمی ئاگاداری کۆمپانیای جێبەجێکارمان کردووەتەوە، کە زۆربەی کرێکارانی کوردستان کار لە پڕۆژەکە بکەن، تەنها تەکنیکارەکان نەبێ کە پێویستە کۆمپانیاکە خۆی بۆ کارکردن دیاریان بکات".

سامان عارەب، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو پڕۆژەیە راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ژێرخانی ئابووری و گەشتیاری و سێکتەرەکانی دیکە دەبێت".