پهیوهندییهكانی ئیسرائیل و توركیا.. له كوێوه بۆ كوێ؟
ناوهڕۆكی پهیوهندی تهلهفۆنی نێوان سهرۆكی توركیا و هاوتا ئیسرائیلییهكهی دهخرێتهڕوو
K24 - ههولێر:
دوای چەندین ساڵ لە تەنگژە و ناکۆکی نێوان ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی بە ئیسحاق هەرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل کرد.
تەوەری سەرەکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بوو، کە سەرۆک کۆماری تورکیا بە سەرۆکی ئیسرائیل راگەیاند، پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات گرنگە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وئەگەری هەماهەنگی لە نێوانیان هەیە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی نووسینگەی سەرۆکی تورکیا بلاویکردووەتەوە، کە ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی گوتوویەتی: "سەرەڕای ناکۆکییەکان گرنگە پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بێت".
پەیوەندی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بۆ ساڵی 1949 دەگەڕێتەوە، کاتێک یەکەم وڵاتی زۆرینە موسڵمان دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیل دانا.
بە جۆرێک لە ساڵی 1958 دەیڤید بن گۆریۆن سەرۆک وەزیرانی ئهوكاتی ئیسرائیل و عەدنان مەندێرێز هاوتا تورکیەکەی، رێککەوتنامەیەکیان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری پاڵپشتی سەربازی لە نێوان هەردوو وڵات واژۆکرد.
لە ساڵی 1980 بۆ یەکەمجار ئەنقەرە باڵیۆزخانەی لە تەلئهڤیڤ کردەوە.
لە ساڵی 2002 پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە ساڵی 2005 رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆک وەزیرانی تورکیا سەردانی ئیسرئیلی کرد و پێشنیازی کرد رۆڵی نێوەندگیر لە پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینن، لە ساڵی 2007 شیمۆن پیرێز سەردانی تورکیای کرد و لەبەردەم پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەشکرد، لەو کاتەوە ناکۆکی نیوان هەردوو وڵات دەستی پێکرد، چونکە تەلئەڤیڤ هەستی بەگۆڕانی سیاسەتی ئەنقەرە بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد بە تایبەت تێڕوانینیان بۆ دۆسیەی فەڵەستین.
ئەو ناکۆکییانە لە ساڵانی 2008 و 2009 بە روونی بە دیکران بە تایبەت دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا لە ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین تەلئەڤیڤی تۆمەتبارکرد.
ئەو ناکۆکییان ئاڵۆزتر بوو دوای ئەوەی لە ساڵی 2010 هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کەشتی ماڤی مەڕمەڕە کە هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەزە دەگواستەوە بەهۆی هێرشکە 9 هاووڵاتی تورکی کوژران.
لە ساڵی 2011 تورکیا تورکیا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل کەمکردەوە و هاوکاری سەربازی لەگەڵ وڵاتەکە راگرت، هەروەها باڵیۆزی ئیسرائیلیش لە وڵاتەکەی دەرکرد، داوای لە تەلئەبیب کرد لەسەر هێرشی کەشتییەکە داوای لێبوردن بکات، بەڵام ئەوکاتە ئیسرائیل داوای لێبوردنی رەتکردەوە.
سەرەڕای هەڵکشانی ناکۆکییەکان، بەڵام ئێستا دیدگای تورکیا جیاوازە و بە گوتەی سینان ئۆلجن سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی ئابووری سیاسەتی دەرەوە لە ئیسەنبوڵ، تورکیا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "ناکۆکی و تەنگژەکان لە رۆژهەلاتی قودس بۆ تورکیا باش نییە".
بۆیە شارەزایان و چاودێران پێیانوایە، تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی رۆڵی نێوندیگر لە دۆسیەی ئیسرائیل فەڵەستین بگێڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەکانی رابردوو بە شێوەیەکی رێکخراو دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ کنێست و سەرانی فەڵەستین کردووە.