بەریتانیا: بە مەرج لەگەڵ تاڵیبان کار دەکەین

هۆشداری دەدات لە هەر هەڵسوکەوتێکی پێچەوانە

بێن واڵاس وەزیری بەرگری بەریتانیا
بێن واڵاس وەزیری بەرگری بەریتانیا

K24 - هەولێر

بێن واڵاس وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ جووڵانەوەی تاڵیبان کار بکات، بەو مەرجەی بەشدار بێت لە حکومەتی ئەفغانستان. هەروەها هۆشداریش دەدات، لە هەر هەڵسوکەوتێک پێچەوانە بێت لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ ئەوا چاوخشاندنەوە بە پەیوەندییەکانی دەکات.

بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی تەلیگرافی بەریتانی، واڵاس رایگەیاندووە "هەر لایەنێک بەشداری حکومەتی ئەفغانستان بکات، ئەوا بەریتانیا مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بەو مەرجەی پابەند بێت بە مەرج و رێنماییە نێودەوڵەتییەکان".

دەشڵێت "ئەوەی لەسەر تاڵیبان پێویستە دانپێدانانی نێودەوڵەتییە، هەروەها بۆ دامەزراندنی دەوڵەت پێویستی بە هاوکاری دارایی و پاڵپشتی هەیە".

ئاماژە بەوەش دەدات "پێویستە تاڵیبان هاوکار بێت لە ئاشتی، ئەگەرنا رووبەڕووی دوورەپەرێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە".