گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق بەڕێوەدەچێت

وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە ئەمەریکا
ئاڵای عێراق - ئەمەریکا
ئاڵای عێراق - ئەمەریکا

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە ئەمەریکا و گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق بەڕێوەدەچێت.

بە مەبەستی بەشداریکردن لە گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق، کە بڕیارە 23ی تەمموز بەڕێوەبچێت، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە ئەمەریکا.

بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بکات و 26ی مانگ لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆببێتەوە.

پێشتر بەیان سامی عەبدولرەحـمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، نوێنەری هەرێمی کوردستانیش بەشداری دیالۆگی ستراتیژی عێراق و ئەمەریکا دەکات.

لەلایەکی دیکە نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "کۆتایی ئەم هەفتەیە دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە بارەی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانمان بەڕێوەدەچێت".