ئەردۆغان: 20 هەزار منداڵی غەززە بە بەرچاوی ئێمەوە کوژراون

سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند وێنەیەکی کۆمەڵکوژی منداڵانی غەززە و برسێتی و ئاوارەبوونی خەڵکەکەی بەرزکردەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، گوتی: بە بەرچاوی ئێمەوە، کۆمەڵکوژیی لە غەززە دەکرێت،
سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش ئامادەی بوو، گوتی" سوپاسی وڵاتان دەکەین بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین"، گوتیشی:" 20 هەزار منداڵی غەززە بەبەرچاوی ئێمەوە کوژراون" لەگەڵ قسەکانیدا، ئەردۆغان ئەو وێنانەی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بەرزکردەوە کە، نیشانی دەدا بە هێرشەکانی ئیسرائیل کۆمەڵکوژی لە غەززە ڕوویداوە، منداڵەکان لە برسان وشکبوونەتەوە و مردوون.
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، دوو ملیۆن غەززەیی، ڕۆژانە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکەیان، ئاوارە دەبن، سەرباری ئەوەی تا ئێستا زیاتر لە 65 هەزار هاووڵاتی ئەو شارە بەهۆی ئەو هێرشانەوە کوژراون.
ئەردۆغان گوتی: 428 کەس لەبرسان مردوون و ڕۆژ دوای ڕۆژیش ژمارەکان بەرز دەبنەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، نەخۆشخانە و دکتۆر و ئەمبۆڵانس و کارمەندانی تەندروستی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە پارێزراو نین و کراونەتە ئامانج، گوتی: هەموو ڕۆژێک دڵم بە بینینی ئەو هەموو وێنە کارەساتبارانەی غەززە، دەسووتێت، بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، منداڵانی تەمەن دوو بۆ سێ ساڵی دەکوژرێن و دەست و قاچیان دەپەڕێت.
ئەو قسانەی ڕەجەب تەین ئەردۆغان لە کاتێکدا بوو، هەر ئەمڕۆ، لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارێکدا گوتی: لەماوەی 7 مانگدا، کۆتاییم بە 7 جەنگ هێنا.