حەماس لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ ڕەت دەکاتەوە

حەماس وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکا دەداتەوە و ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاستەنگ بۆ ئاگربەستی غەززە دروست دەکات، نەوەک ئێمە.
سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە و ئاماژەی داوە، هەرگیز حەماس ئاستەنگی بۆ ئاگربەستی غەززەی دروست نەکردووە.
حەماس باسی لەوەش کردووە، ئیدارەی ئەمەریکا، وڵاتانی نێوەندگیر و تەنانەت هەموو جیهان ئەوا دەزانێت، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل تاکە لایەنە ئاستەنگ بۆ ئەو ئاگربەستە دروست دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: حەماس هەمیشە پێشنیازەکان بۆ ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان ڕەت دەکاتەوە.
دووشەممە 22ـی ئەیلوولی 2025، فۆکس نیووزی ئەمەریکی لە زاری دوو سەرچاوەی بڵاوی کردووەتەوە، حەماس نامەیەکی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ناردووە، کە تێیدا داوا دەکات ئەمەریکا گەرەنتی ئاگربەستی 60 ڕۆژ و ئاڵوگۆڕکردنی و ئازادکردنی نیوەی بارمتەکان بکات.
فۆکس نیووز باسی لەوەش کردووە، نامەکە لەم هەفتەیە دەگاتە دەستی سەرۆکی ئەمەریکا.