نێچیرڤان بارزانی به‌ جیا پێشوازى له‌ باڵيۆزانى توركيا و ئیسپانیا كرد

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركيا و ئیسپانیا تاووتوێ كران

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی توركیا له‌ عێراق
نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی توركیا له‌ عێراق

K24 - هه‌ولێر:

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/7/28 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌جیا پێشواز كرد له‌ ئاليڕزا گونه‌ى، باڵيۆزى تازه‌ى توركيا و هانسى ئيسكۆبار، باڵيۆزى ئيسپانيا له‌ عێراق كرد.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی نوێی توركیا له‌ عێراق، پيرۆزبايى ده‌ستبه‌كاربوونى لێكرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

له‌ ديداره‌كه‌دا كه‌ كۆنسوڵى گشتيى توركيا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ بوو، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركيا تاووتوێ كران و هه‌ردوولا خواستيان بۆ بره‌ودان به‌ هه‌موو بواره‌كانى په‌يوه‌ندى دووپات كرده‌وه‌.

دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، دۆخى بڵاوبوونه‌ى په‌تاى كۆڤيدـ19 له‌ هه‌ردوو وڵات، شه‌ڕى دژى تيرۆر، مه‌ترسييه‌كانى داعش و چه‌ند بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی توركیا له‌ عێراق

هاوكات نێچیرڤان بارزانی، له‌ دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق، به‌بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كانی، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ هانسى ئيسكۆبار خواست و سوپاس و پێزانينى بۆ هه‌وڵ و ڕۆڵيان له‌ په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيسپانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا داهاتووى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئيسپانيا، ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریی ئیسپانی له‌ هه‌رێمی کوردستان، دۆخ و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختى عێراق، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكى مايه‌ى بايه‌خى هه‌ردوولا، تاووتوێ كران.

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق
نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئیسپانیا له‌ عێراق