قوباد تاڵەبانی کرایە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی
کۆبوونەوەی یەکێتی و گۆڕان کۆتاییهات

K24 – هەولێر
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی دیاریکرا، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29/7/2021، یەکێتی و گۆڕان بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی و عومەر سەید عەلی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی قوباد تاڵەبانی ببێت بە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق.
دوای کۆبوونەوەکە یەکێتی و گۆڕان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاریی و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ھاوڵاتیان. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی کوردستان پەسەندکرا و ھەردوولا جەختیان لە پشتگیریکردنی ناوبراو و سەرخستنی ھاوپەیمانیەتییەکە کردەوە. لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا بە کاراکردنی لیژنەکانی هەڵبژاردن و تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و چڕکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا".
پێشتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، رێککەوتنیان واژۆ کردووە، بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بکەن، کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەبچێت.