په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ يادى ئه‌نفالكردنى بارزانيياندا

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ یادی 38 ساڵه‌ی جینۆسایدی بارزانییاندا، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، جينۆسايدكردنى بارزانييان به‌ ته‌نيا ڕاپێچكردنى پياوان بۆ بيابانه‌ تاريك و سامناكه‌كانى مه‌رگ نه‌بوو، دواى ئه‌وه‌ش ژنان، كچان، خوشكان و دايكانى بارزانى ده‌بوايه به‌ره‌وڕووى چاره‌نووسى سه‌خت و ناديارى ژيان ببنه‌وه‌.

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا، نێچیرڤان بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، پاراستنی دە‌سكە‌وتە‌كانی گە‌لی كوردستان تە‌نھا زامنی دووبارە‌نە‌بوونە‌وە‌ی كارە‌سات و نە‌ھامە‌تیيە‌كانە‌، ئە‌وە‌ش بە‌ یە‌كڕیزی و تە‌بایيی نێوان سە‌رجە‌م لایە‌ن و پێكھاتە‌كانی كوردستان دە‌بێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، له‌ یادی 38 ساڵه‌ی ئه‌نفالی بارزانییان:

"له‌ يادى سى و هه‌شت ساڵه‌ى ئه‌نفالكردنى بارزانيياندا، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكى هه‌شت هه‌زار مرۆڤى بێتاوانى كوردستان داده‌نوێنين كه له‌ به‌ره‌به‌يانى‌ 1983/7/31ـه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى ده‌ ڕۆژ له‌ ئۆردوگا زۆره‌ملێكانى هه‌ولێر له‌ هه‌ڵمه‌تێكى ڕه‌شبگيريدا به‌ زه‌برى چه‌ك له‌نێو ماڵ و منداڵ و خێزانه‌كانيان ده‌ستگير كران و ئيتر هه‌رگيز و تاهه‌تايه‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.

جينۆسايدكردنى بارزانييان به‌ ته‌نيا ڕاپێچكردنى پياوان بۆ بيابانه‌ تاريك و سامناكه‌كانى مه‌رگ نه‌بوو، دواى ئه‌وه‌ش ژنان، كچان، خوشكان و دايكانى بارزانى ده‌بوايه به‌ره‌وڕووى چاره‌نووسى سه‌خت و ناديارى ژيان ببنه‌وه‌ و بۆ هه‌زاران منداڵى بێ باوك، ببنه‌ باوك و باپيره‌ و برا و ڕه‌نجێكى گه‌وره‌ بۆ دابينكردنى بژێوى ژيان و به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌ياندنيان بكێشن و به‌رگه‌ى ژيانێكى تاڵ و سه‌ختى پڕ له‌ فرمێسك و حه‌سره‌ت بگرن.

له‌م ياده سامناكه‌‌دا دروود بۆ گيانى پاكى ئه‌نفالكراوانى بارزانى و ته‌واوى ئه‌نفالكراوان و شه‌هيدانى كوردستان ده‌نێرين، به‌ شكۆوه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌، به‌وپه‌ڕى ڕێزه‌وه‌ له‌ ڕه‌نج و ماندووبوونى دايكان، هاوسه‌ران و خوشكانى ئه‌نفالكراوان ده‌ڕوانين، سوپاس و پێزانين بۆ خه‌ڵكى جوامێرى هه‌ولێر، هه‌رير و باتاس و هه‌موو ئه‌وانه‌ى دواى ئه‌نفالكردنى بارزانييان، هه‌رچى له‌ توانياندا بوو، هاوكاريى خێزانى ئه‌نفالكراوانيان كرد و يارمه‌تييان دان.

كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و شه‌هيدان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هيچ درێخى ناكه‌ين و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌ينه‌ گه‌ڕ بۆ به‌دۆكيومێنتكردن و بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفاله‌كان له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى به‌ جينۆسايد بناسرێن و جارێكى دى گه‌لى كوردستان و مرۆڤايه‌تى به‌گشتى مه‌رگه‌ساتى وا نه‌بينن، داوا له‌ حكوومه‌تى عيراقى فيدراڵيش ده‌كه‌ين، قوربانييان قه‌ره‌بۆ بكاته‌وه‌.

دووپاتی دە‌كە‌ینە‌وە‌ كە‌ پاراستنی دە‌سكە‌وتە‌كانی گە‌لی كوردستان تە‌نھا زامنی دووبارە‌نە‌بوونە‌وە‌ی كارە‌سات و نە‌ھامە‌تیيە‌كانە‌، ئە‌وە‌ش بە‌ یە‌كڕیزی و تە‌بایيی نێوان سە‌رجە‌م لایە‌ن و پێكھاتە‌كانی كوردستان دە‌بێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/7/31"