2500 باجدەر لە هەرێمی کوردستان دراونەتە دادگا

حکومەت رێکاری یاسایی بەرامبەر باجدەرانی گەورە دەگرێبەر

K24 - هەولێر

بەهۆی خۆدزینەوە لە باج، جیاوازی چینایەتی لە کوردستان زیادیکردووە، لەگەڵ رێکخستنەوەی سیستمی باج لەلایەن حکومەتەوە، ژمارەیەکی زۆری باجدەری گەورە پابەندبوونە بە پێدانی باج و ئاشکراکردنی داهاتەکانیان، حکومەتی هەرێم چەندجارێک هۆشداری بەو باجدەرانە داوە، بەڵام پابەندبوونە، لەبەرامبەردا رێکاری توندیان گیراوەتەبەر. بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج زیاتر لە 2500 باجدەری گەورە دراونەتە دادگا و گەشتی دەرەوەی وڵاتیان لێ قەدەغە کراوە.

د. کەمال وەرتی. بەڕێوەبەری گشتی باج لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەهۆی نەدانی باج، جیاوازی چینایەتی زیادبووە، ئەگەر سیستمێکی پێشکەوتووی باج هەبێت ئەو جیاوازییە لە چینایەتی دروست نابێت".

گوتیشی: "ساڵی رابردوو 150 کۆمپانیا دراونەتە دادگا، بەشێکیان کەیسەکانیان یەکلا بووەتەوە، 500 کۆمپانیای دیکەش سزادراون، هەموو هەوڵەکانی ئێمەش بۆ رێکخستنەوەی داهاتەکانە".

بەڕێوەبەری گشتی باج، راشیگەیاند: "بەداخەوە کۆمپانیاکان دانی باج بە رەوا نازانن، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم تەواو پێداویستی و ئەمنییەتی بۆ کۆمپانیاکان فەراهەم کردووە".

خۆدزینەوە لە باج دیارەدەیەکی زەقە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان هیچ باجدەرێک دەربازی نەبووە و ئەوانەشی خۆیان لە باجدان دزیووەتەوە، رێکاری توندی یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، بە جۆرێک هەزار و 251 کۆمپانیای دراونەتە دادگا، بەو شێوەیەش تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 5 ملیار و 500 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە خەزێنەی گشتی حکومەت.

لەگەڵ رێکخستنەوەی سستمی باج ، زیاتر لە 245 باجدەری گەورە کەیسەکانیان لە دادگایەو رۆژانەش ژمارەیان زیاد دەکات، هەروەها لەو ماوەیەدا زیاتر لە 150 کۆمپانیا بەتاوانی ساختەکاری دراونەتە دادگا. هەروەها حکومەتیش بەدوداچوون دەکات لەسەر ئەو کۆمپانیانەی سەرچاوەی داهاتیان شاردووەتەوەو شەفاف نین لەگەڵ حکومەت.