سعوودیه‌ ره‌تیکردەوه‌ رێگه‌ی‌ حه‌جكردن له‌ هاووڵاتیانی ئێران بگرێت

"بەرپرسانی ئێران خۆیان واژوویان لەسەر رێككەوتن نەكردووە"

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی سعوودیە رەتیدەكاتەوە رێگری لە حەجكردنی ھاووڵاتیانی ئێران بكەن و دەڵێ، بەرپرسانی ئێران خۆیان قایل نەبوو واژوو لەسەر رێككەوتنەكە بكەن.

عادل جوبێر وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعوودیه‌، رایگەیاند: " سعوودیە‌ رێگه‌ی‌ حه‌جكردن له‌ هیچ كه‌س ناگرێت و بەدەنگەوە چوونمان هەبوو بۆ داواکارییەکانی ئێران، بەڵام لە کۆتاییدا بەرپرسانی ئێران خۆیان رەتیانکردەوە واژوو لەسەر رێککەوتن بکەن".

دوای چەند مانگ دانووستانی ئێران و سعودییە بۆ بەشداریکردنی ئێرانییەکان لە مەراسیمی حەجی ئەمساڵدا، دوێنێ عەلی جەننەتی، وەزیری ئیرشادی ئێران رایگەیاند، بەهۆی سەرنەگرتنی دانووستانەكانه‌وه‌، ئێرانییەکان لە مەراسیمی حەجی ئەمساڵ بێبەش دەبن.

له‌ دواى گوتەکانی عەلی جەننەتیشدا رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران لە راگەیەندراوێکی هەشت خاڵیدا  بەشدارینەکردنی ئێرانییەکانی لە حەجی ئەمساڵ بەفەرمی راگەیاند.