سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

رەهەندە گشتییەكانی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمەریكا و عێراق تاوتوێ كرا

دیداری سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
دیداری سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی ئابی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە ڕۆبێرت پالادینۆ كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ستاییشی فەرهەنگی پێكەوەژیان و تەبایی نێوان پێكهاتە ئایینی و جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی كرد و دەستخۆشی لە دامودەزگا و دامەزراوەكانی هەرێم كرد بۆ پاراستنی ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.

لەو دانیشتنەدا رەهەندە گشتییەكانی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمەریكا و عێراق تاوتوێ كرا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پابەندبوونی وڵاتەكەی بە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەروەها پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و برەودانی پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی كولتووری و ئاكادیمی و ئابووری دووپات كردەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی و ژیان و باری گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و، هەروەها بیروڕاش لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و پەیوەندیی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و لایەنە عێراقییەكان ئاڵوگۆڕ كرا.

دیداری سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
دیداری سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق