کۆچی یاریزانە کوردەکان بەرەو یانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەردەوامە

یاریزانانی یانەی هەولێر
یاریزانانی یانەی هەولێر

کۆچی یاریزانە کوردەکان بەرەو یانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامە، دوای رۆیشتنی ئیڤان خالید، نیاز محەمەدیش چووە ریزەکانی یانەی شورتە و شێرکۆ کەریمیش لە یانەکانی بەغدا نزیکە.

ئیڤان خالید دوو رۆژ لەمەوبەر بەفەرمی بەرامبەر 35 ملیۆن دینار لە یانەی هەولێرەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی کارەبا کرد، بەیار ئەبوبەکر بەرامبەر 110 ملیۆن دینار گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەفت نوێکردەوە، ئەحمەد سەرتیپ بەرامبەر 120 ملیۆن دینار چووە ریزەکانی یانەی زەوڕا و یاسین کەریم بەرامبەر 100 ملیۆن دینار پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی شورتە کرد.

نیاز محەمەد بەرگریکاری یانەی هەولێر بەفەرمی بەرامبەر 90 ملیۆن دینار پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی شورتە کرد و لەگەڵ ئەو یانەیە گەیشتە رێککەوتنی کۆتایی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەکانی شورتە و قوە جەوییە و زەوڕا داوای شێرکۆ کەریم دەکەن، بەڵام یانەی هەولێر ئۆفەرێکی بە بڕی 100 ملیۆن دینار پێشکەشی شیرکۆ کردووە تا گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام شێرکۆ داوای 150 ملیۆن دیناری کردووە و لە چەند رۆژی داهاتوو چارەنووسی ئەو هێرشبەرەش یەکلا دەبێتەوە.