لە دیاربەکر 161 گومانلێکراوی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران

پۆلیسی دیاربەکر لە زنجیرەیەک هەڵمەتدا دژی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، 161 گومانلێکراوی دەستگیر کرد و دوای رەوانەکردنیان بۆ دادگا، 20 کەسیان زیندانی کران.

 تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە پۆلیسی دیاربەکر لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، لە شوێنە جیاوازەکانی شارەکەدا چەند هەڵمەتێکیان ئەنجام داوە.

لە ئەنجامی ئەو هەڵمەتانەدا، 161 گومانلێکراو دەستگیر کران. هەروەها دەست بەسەر 24 کیلۆگرام بەنگ لە جۆری سکانک، 546 گرام ماددەی هۆشبەری دەستکرد، 205 گرام کەرەستەی خاوی کانابینۆیدی دەستکرد، 497 دەنک دەرمانی پزیشکیی دەستکرد و 391 دەنک دەرمانی هۆشبەردا گیرا، لەگەڵ دوو دەمانچەی بێمۆڵەت، 53 فیشەک و سێ تەرازوو.

دوای تەواوبوونی رێکارەکان لە پۆلیس، 136 کەس لە گومانلێکراوەکان ئازاد کران و ئەوانەی دیکە رەوانەی دادگا کران. دواتر بە بڕیاری دادوەر، 20 کەسیان زیندانی کران و پێنج کەسی دیکەش خرانە ژێر چاودێریی دادوەرییەوە.

لە ماوەی ئەمساڵدا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا چەندین هەڵمەتی دیکەی بەرفراوانیان لە سنووری پارێزگای دیاربەکر لە چوارچێوەی زنجیرە هەڵمەتەکانی "نارکۆکاپان" ئەنجام داوە.

 لە رۆژی 6ی نیسانی 2026، لە هەڵمەتێکدا بە ناوی "نارکۆکاپان دیاربەکر-سێ" بە ناوەندێتیی سیلڤان و لە نۆ شارۆچکەی پارێزگای دیاربەکر (لجە، باغڵار، کایاپنار، سوور، یەنیشەهیر، ئەرخەنی، ئەگیل، بسمل و چەرمیک)، دەست بەسەر 184.1 کیلۆگرام بەنگ، دوو کیلۆگرام و نیو میتامفیتامین، 1,755 دەنک هۆشبەر، چوار گرام کۆکاین، پێنج دەمانچەی بێمۆڵەت و سێ تەرازوودا گیرا. لەو هەڵمەتەدا 41 گومانلێکراو دەستگیر کران، کە 38 کەسیان زیندانی کران و سێ کەسیش خرانە ژێر چاودێریی دادوەرییەوە.

پێشتریش لە رۆژی 28ی کانوونی دووەمی 2026، لە هەڵمەتێکی هاوبەشدا لە پارێزگاکانی دیاربەکر و مانیسا بە بەشداریی 1,522 کارمەندی جەندەرمە، 445 گومانلێکراوی فرۆشتنی هۆشبەر لە کۆڵانەکان دەستگیر کران و دەست بەسەر 302 کیلۆگرام هۆشبەر و 5,000 دەنک هۆشبەردا گیرا.