گوتەبێژی حکوومەتی عێراق: تێوەگلاوانی بەقاچاخبردنی نەوت دەدرێنە دادگا

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق جەختیکردەوە، پاراستنی بۆرییەکانی نەوت لە ئەستۆی حکوومەتە و لە پێشینەی کارەکانیانە. روونیکردەوە، دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت رەوانەی دادگا کراوە و ئەگەری دەستگیرکردنی تێوەگلاوانی ئەو کردەوانە لە ئارادایە.

ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند "پاراستنی بۆرییەکانی نەوت ئەرکی حکوومەتە و ئەم پرسە تەنیا ناوچەیەکی دیاریکراو ناگرێتەوە، بەڵکو گشت ناوچەکانی دیکەش دەگرێتەوە."

حەیدەر عەبوودی گوتیشی، هێزە ئەمنییەکان فەرمانیان پێکراوە بەدواداچوون بۆ گشت گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت بکەن. دەزگا پەیوەندیدارەکان راپۆرت و زانیارییەکانیان سەبارەت بەو پرسە پێشکەشی سەرۆکوەزیران کردووە و دووپاتیکردەوە، بەهۆی رەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگا، ئەگەری دەستگیرکردنی کەسایەتییە تێوەگلاوەکان دوور نییە.

گوتەبێژی حکوومەت روونیکردەوە، هەر کەسێک ناوی لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی بەقاچاخبردن بێت، رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا، بنکەی کۆنترۆڵ لە جورف سەخر بەمەبەستی کردنەوەی تەواوی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی دانیشتووانەکەی بۆ ماڵەکانیان دانراوە. جەختیکردەوە، هیچ ناکۆکییەک لە نێوان ئەو یەکە سەربازییانەی لە جورف سەخر جێگیرکراون بوونی نییە و ناوچەکە لە چوارچێوەی بڕیاری دەوڵەتدا، تایبەتمەندیی خۆی دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەڕاندنەوەی زیانلێکەوتووان.

عەبوودی راشیگەیاند، گونجاو نییە هەندێک ناوچە وەک ناوچەی ناجێگیر نیشان بدرێن و لە بودجەی 2027ـدا رەچاوکردنی تایبەت بۆ جورف سەخر دەکرێت. گوتیشی، هەوڵەکانی حکوومەت و ئاستی ئامادەیی هێزەکان رێگە نادەن هیچ نیگەرانییەکی پێشوو لە جورف سەخر دووبارە ببێتەوە. هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ پاراستنی گشت ناوچەکانی وڵات و متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە عێراق گەڕاوەتەوە.

دوێنێ هەینی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، لەسەر ەرمانی عەلی زەیدی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی جورف سەخر بەرێوەچوو، کە حزبوڵڵای عێراقی تێدایە و بەگوتەی بەرپرسانی عێراق سوێنی بەقاچاخبردنی نەوتە.