باس له ههڵبژاردنی پێشوهخته دهكهن
لایهنهكان لهسهر كاراكردنهوهی پهرلهمان بۆچوونی جیایان ههیه
K24 - ههولێر:
دوای ئهو گرفتهی پەرلەمانی كوردستانی تێكهوت، لایەنەكان چەندینجار باسیان لەوە كردووە، لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەماندان، بەڵام لەسەر چۆنییەتی كاراكردنەوەكەی رێكناكەون.
پارتی داوای ھەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات و لایەنەكانی دیكەش، بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان رەتیدەكاتەوە، بۆیە له پێناو كۆتاییهێنان به ناكۆكییهكان، باسی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت.
ھەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی كوردستان وەك دوا رێگهچاره بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی چەقبەستووی ھەرێمی كوردستان، سەیر دەكرێت، بەڵام دەشگوترێت ھەڵبژاردنی پێش وەختە، گۆچای جادوویی نییە بە چاو ترووكانێك دۆخەكە ئاسایی بكاتهوه، چونكە ھەڵبژاردن لەم بارودۆخەی ئێستادا، رەنگە گرژییەكان زیاتر بكات.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەواوبوونی ماوەی یاسایی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی کوردستان چەند پێشنیازێكی خستەڕوو، یەكێكیان داواكردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت بوو، بەڵام كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان بەھۆكاری جیاواز نەیتوانی ئامادەكاری بۆ بكات.
بە رای فراكسیۆنی پارتیش، ئێستا ئەوەی دۆخەكە بەرە و چارەسەر دەبات گفتوگۆی سیاسییە.
بەلای بزووتنەوەی گۆڕان ھەڵبژاردنی پێشوەخته، رەنگە بارودۆخەكە بە لایەكدا بخات، قارەمان قادر پەرلەمانتاری بزووتنەوەكەش، رای وایە لە ئەگەری بڕیاردان بۆ ھەڵبژاردنیش پێویستە بەر لە ھەموو شت زەمینەسازی بۆ بكرێت.
ئێستا پەرلەمانی كوردستان نزیكەی 8 مانگە پهكی كهوتووه، سەرۆكەكەشی بەھۆی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و گۆڕانەوە لە نووسینگەی سلێمانی دەوام دەكات، لایەنە سیاسییەكانیش ھەموویان لەسەر كاراكردنەوەی كۆكن، ئەوەی ناكۆكیان دەكات چۆنیهتی كارا كردنەوەكەیەتی.