پێدانی کارتی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات
ئەمڕۆ رێنمایی دراوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی
K24 – هەولێر
کارتی ڤاکسین لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە و بەو کەسانە دەدرێت کە دوو ژەم ڤاکسینیان وەرگرتووە، رێنمایی بۆ وەرگرتنی ئەو کارتە دەدرێت بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە شار و شارۆچکەکان.
حەربی كەتۆ، بەڕێوەبەری تەكنەلۆژیا و زانیاری وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ رێنمایی درا بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە دیوانی وەزارەتی تەندروستی کە 7 بەڕێوەبەرایەتی گشتین، لە هەر بەڕێوەبەرایەتییەک شوێنێک بۆ دروستکردنی کارتی ڤاکسین دیار دەکرێت، هاووڵاتییان دەتوانن سەردانیان بکەن".
روونیکردەوە: "مەرجی وەرگرتنی ئەو کارتە ئەوەیە دەبێ ناوی کەسەکە لە پۆرتاڵی سیستمی وەزارەتی تەندروستی تۆمار کرابێت، کە ئێستا بەردەستە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ڤاکسین لە خۆیان بدەن، داواش لە هاووڵاتییان دەکەین، پەنا بۆ ساختەکاری نەبەن، چونکە ئەگەر ساختەکاریش بکرێت کۆدەکە ناخوێندرێتەوە، لەبەر ئەوەی ناچێتە ناو سیستمەکە".
سەبارەت بە کاتەکانی دروستکردنی کارت ڤاکسین، گوتی: "هەر کارتێک لە ماوەی 40 چرکە دروست دەکرێت و بەشێوەیەکی زۆر باش دراوستکراوە و پارێزراویشە".
بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیا و زانیاری لە وەزارەتی تەندروستی، گوتیشی: "کارتەکە دەدرێت بەو کەسانەی دوو ژەم ڤاکسینیان وەرگرتووە و دەیانەوێت سەفەری دەرەوەی وڵات بکەن، کارتەکەش لە هەموو وڵاتان کاری پێدەکرێت، چونکە بەگوێرەی ئەو کۆدەی لەسەریەتی دەردەکەوێت کە دوو ژەم ڤاکسینی وەرگرتووە".