پرۆفیسۆر "نادر نادرۆڤ" كۆچی دوایی كرد
K24 - هه‌ولێر:
پرۆفیسۆر و زانای كوردی كازاخستان پ. د. نادر كه‌ریم نادرۆڤ، ئه‌مڕۆ سیشه‌ممه (24ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021) له شاری "ئاڵماتی"ی كازاخستان كۆچی دوایی كرد، ئه‌و پرۆفیسۆره كورده یەکەم کەس بووە نەوتی لە کۆماری کازاخستان دۆزیوەتەوە، ھەربۆیە بە باوکی نەوت و گازی کازاخستان هەژمار دەکرێت.
نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس "هه‌ژار شامل" به كوردستان24ی راگه‌یاند، پرۆفیسۆر دكتۆر نادر نادرۆڤ بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ نه‌خۆشبووه، ماوه‌ی مانگێكه به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری له نه‌خۆشخانه ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له شاری "ئاڵماتی"ی كازاخستان كۆچی دوایی كرد.
نارین نادرۆڤ، بووكی پرۆفیسۆر نادۆرڤ له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر هه‌واڵی گیانله‌ده‌ستدانی پرۆفیسۆر نادرۆڤی بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی: "مه‌خابن، ئه‌مڕۆ من باوكی خۆم له‌ده‌ستدا".
نادر نادرۆڤ كێیه؟
- نادر نادرۆڤ له (6ی كانوونی دووه‌م/ جێنیوه‌ری 1932) له هه‌رێمی "نه‌خچیڤان"ی ئازه‌ربه‌یجان له دایكبووه.
- له ساڵی 1933 خێزانه‌كه‌ی روویانكردووه‌ته پایته‌ختی كازاخستان.
- سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی كورد (به‌ربانگ)ی كازاخستان و جێگری یه‌كه‌می ئه‌كادیمیای ئه‌ندازیاری كازاخستان بووه.
- له‌هه‌مانكاتدا وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی زانستیی نه‌وت كاركردووه.
- له ساڵی 1992 راگواستنی كورده‌كانی له یه‌كێتی سۆڤیه‌یت له نێوان ساڵانی 1930 تا 1940 بۆ رای گشتی ئاشكرا كردووه.
- نادرۆڤ، كه له ساڵی 1970 نازناوی زانستیی پرۆفیسۆری وه‌رگرتووه، له هه‌مانكاتدا به "باوكی نه‌وت و گاز" ناوبانگی ده‌ركردووه.
- له ساڵی 1983 بووەتە ئەندامی ئەکادیمیای زانستی کۆماری کازاخستان لە سۆڤیەتی پێشوودا.
- له ساڵای 2010ـه‌وه راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری كازاخستانه.