گهورهترین پێشانگای پەروەردەیی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق له ههولێر دهكرێتهوه
EDEX 2021 گەورەترین پێشانگەی کەرتی پەروەدە و خوێندنە لهسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و لهژێر چاودێری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان دهكرێتهوه
K24- ههولێر:
لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سبەی چوارشەممە 25ى ئابی 2021 لە هۆڵی پێشانگای (هوتێل شیراتۆن) لە شارى هەولێر، چوارەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پەروەردەیی EDEX لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت. EDEX گەورەترین پێشانگایە و ساڵانە زۆربەی زانکۆ و دامەزراوە فێرکاری و پەروەردەییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان کۆدەکاتەوە.
لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 40 هەزار کەس سەردانی پێشانگاکەیان کردووە و ئەمساڵیش نزیکەی 100 ناوەندی فێرکاری لە ناوخۆ و دەرەوە بەشداردەبن و بۆ ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
سەرهەنگ سۆرگلی، كه سەرپەشتیاری EDEXـه، بە کوردستان24ى رایگەیاند، ساڵی رابردوو بەهۆی کاریگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشانگاکە بەڕێکاری خۆپارێزی کرایەوە و ئەمساڵیش بەهەمان شێوە پابەندی رێنماییەکان دەبن و داوای لە بەشداربووانیش كرد، پابەندی رێنماییەکان بن و ماسك ببەستن.
سەرهەنگ سۆرگلی بەڕێوەبەری گشتی بەشی پەروەردە لە گروپی گەلیاوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە پێشانگەکەدا ژمارەیەك پانێڵ و دیدار و کۆبوونەوە لەنێوان کادیرانی کەرتی خوێندنی باڵا، قوتابی، ئەکادیمی، خاوەن بڕوانامە و ئارەزوومەندا ئەمجام دەدرێت و چەندین تەوەری گرنگ تاوتوێ دهكرێن، هەروەها تیشك دەخەنە سەر کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر کەرتی پەروردە و چارەسەرکردنی ئەو بەربەست و کێشانەی لەئەنجامی کۆرۆنا دروست بوونە.
جێگای ئاماژهیه، EDEX 2021 گەورەترین پێشانگەی کەرتی پەروەدە و خوێندنە لهسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە ساڵانە لە 25ی ئاب لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەدەچێت و لەلایەن بەشی پەروەردەیی گروپی گەلیاوە سەرپەرشتی دەکرێت.
H.B