له لووتكه‌ی به‌غدا چی رووده‌دات؟ عێراق چی ده‌ستده‌كه‌وێت؟
عێراق چۆن سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌رده‌گرێت بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان؟
K24 - هه‌ولێر:
بڕیاره ئه‌مڕۆ شه‌ممه 28ی ئاب/ ئۆگستۆسی 2021، لووتكه‌ی به‌غدا ئه‌نجام بدرێت، كه تێیدا ژماره‌یه‌ك وڵات له‌سه‌ر ئاستی سه‌رۆك به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، عێراق ده‌یه‌وێت ئه‌و لووتكه‌یه بكاته ده‌رفه‌تێك بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی، به‌ڵام میلیشیا چه‌كدارییه‌كان ئاسته‌نگ بۆ هه‌وڵه دروست ده‌كات.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، شاندی باڵای هه‌ر یه‌كه له وڵاتانی فه‌ره‌نسا، سعوودیه، ئیمارات، كوه‌یت، قه‌ته‌ڕ، میسر، ئوردن، توركیا، ئێران له‌گه‌ڵ كۆمكاری عه‌ره‌بی، ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو و رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی به‌شداری تێدا بكه‌ن.
به گوێره‌ی لێدوانی موختار موسه‌وی ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له سستبوونی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتان پێویسته په‌یوه‌ندییه‌كان به‌هێزتر بكرێنه‌وه، ئه‌و لووتكه‌یه‌ش هاوكار ده‌بێت و ئاسانكاری بۆ عێراق ده‌كات كۆسپی سستی په‌یوه‌ندییه‌كان تێپه‌ڕێنێت و په‌یوه‌ندییه‌كی باشتر و پته‌وتری هه‌بێت.
موهه‌نه‌د عه‌زاوی، سه‌رۆكی ناوه‌ندی سه‌قه‌ر بۆ توێژینه‌وه بۆ سكای نیوزی ئیماراتی باس له‌وه ده‌كات، ئه‌و لووتكه‌یه له چوارچێوه‌ی ژماره‌یه‌ك چالاكی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقه و سوودی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی عێراق رۆڵی سه‌ره‌كی و دیاری خۆی له سیاسه‌تی ناوچه‌كه بگێڕێت، به‌تایبه‌تیش عێراق ماوه‌یه‌كی زۆره به‌ده‌ست ته‌نگژه و قه‌یرانی جۆراوجۆره‌وه ده‌ناڵێنێت.
به گشتی له لووتكه‌كه وێڕای تاووتوێكردن و هه‌وڵدان بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كان، باسكردنی پرسی تیرۆر و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی داعش ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ده‌بێت.
هێشتا روون نییه عێراق به چ شێوازێك ده‌توانێت سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرێت، به‌تایبه‌تیش كه نه‌یتوانیوه چه‌ك ته‌نیا له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت بهێڵێته‌وه و هێشتا میلیشیاكان به چه‌كه‌وه له عێراق نمایشی سه‌ربازی ده‌كه‌ن و هه‌ژموونێكی به‌رچاویان هه‌یه.