بەرهەم ساڵح: عێراق پێویستی بە کۆمەک و هاوکارییە، بۆ ئەوەی بکەوێتەوە سەرپێی خۆی

ماکرۆن: چوارچێوەیەکی نوێ بۆ عێراق دەدۆزینەوە

K24 – بەغدا

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، لە بەغدا بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند: "عێراق پێویستی بە کۆمەک و هاوکارییە، بۆ ئەوەی بکەوێتەوە سەرپێی خۆی، چاویشی لەوەیە فەرەنسا بەردەوام بێت لە هاوکاری و پشتیوانکردن".

سەرۆک کۆماری عێراق گوتی: "ماکرۆن هاوڕێی من و هەموو عێراقە، لە ماوەی ساڵێکدا دووەمجارە سەردانی عێراق دەکات، ئەمەش دووپاتکردنەوەی ئەو ستایشەیە کە ئێمە بۆ فەرەنسا هەمانە. لەگەڵ ماکرۆن گفتوگۆی زۆرمان لەبارەی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان وڵاتەکانمان کرد، فەرەنسا هەمیشە پاڵپشتیکاری عێراق دەبێت، لە شەڕ دژی تیرۆر و هێنانەدی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە، فەرەنسا هاوبەشێکی گرنگە لە بواری ئابووری و بازرگانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق، جەختمان کردەوە لەسەر ئەو گرێبەستانەی لەنێوانماندا هەن".

بەرهەم ساڵح، راشیگەیاند: "لە کۆبوونەوەماندا لەگەڵ ماکرۆن باسمان لە بەڕێوەچوونی لوتکەی بەغدا کرد، هەروەها ئاماژەمان بەوەدا کە چەند ساڵێک عێراق کرابوو بە چەقی ململانێی هەندێک وڵاتی ناوچەکە، ئامادەبوونی سەرکردە و نوێنەری وڵاتان لە کۆنگرەی ئەمڕۆی بەغدا پشتیوانیەکی گرنگە لەپێناو سەروەری و گەشەپێدانی زیاتری عێراق، هاوکات بەرژوەندی هاوبەش کە عێراق بە وڵاتان دەبەستێتەوە، سەربەخۆبوونی عێراق دەبێتە مایەی سەقامگیری ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".

گوتیشی: "عێراق پێویستی بە کۆمەک و هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ ئەوەی بکەوێتەوە سەرپێی خۆی و ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق بچەسپێت، چاویشمان لە فەرەنسایە کە هاوکاری و پشتیوانیەکانی بۆ عێراق بەردەوام بێت".

ئیمانوێل ماکرۆن، لەو کۆنفرانسیە رۆژنامەوانیەدا رایگەیاند: "هاوکاری و هەماهەنگی باش لەنێوان فەرەنسا و عێراق هەیە لە بواری ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆ سەقامگیری عێراق، هەوڵدەدەین لە چەند مانگی داهاتوودا چوارچێوەیەکی نوێ بدۆزینەوە، بۆ ئەوە عێراق پارێزراوبێت و بەرەوپێش بچێت، فەرەنسا هەمیشە وەڵامدەرەوەی داواکانی حکومەتی عێراق و گەلەکەی دەبێت".

سەرۆکی فەرەنسا، گوتیشی: "بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دروستکردنی حکومەتێکی دادپەروەر هەمیشە هاوکاری عێراق دەبم. من قەرزداری ئێوەم لەبارەی ئەو لێدوان و گوتانەی بەرامبەر فەرەنسا دەیکەن، هەوڵدەدەین پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین".

ماکرۆن، باسی لەوەشکرد: "لوتکەی بەغدا گرنگە، بۆ دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ عێراق، ئامادەبوونی سەرۆک و سەرکردەکانی عێراق و ناوچەکە و گفتوگۆ کردن لەسەر یەک مێز، هەلێکی باشە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پشتیوانی زیاتر بۆ عێراق و چەسپانی سەقامگیری".

Fly Erbil Advertisment