له‌ فه‌لوجه‌ دوو ژنى ئێزدى رزگار كران

هێزه‌ عێراقييه‌كان له‌ كاتى به‌ڕێوه‌بردنى پرۆسه‌ى سه‌ربازى بۆ رزگاركردنى فه‌لوجه‌ دوو ژنى ئێزدييان رزگار كرد.

K24 – هه‌ولێر:

هێزه‌ عێراقييه‌كان له‌ كاتى به‌ڕێوه‌بردنى پرۆسه‌ى سه‌ربازى بۆ رزگاركردنى فه‌لوجه‌ دوو ژنى ئێزدييان رزگار كرد.

ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ فراكسيۆنه‌ كوردييه‌كان، ڤيان ده‌خيل رايگه‌ياند، هێزه‌ عێراقييه‌كان دوو ژنى ئێزدييان له‌ فه‌لوجه‌ رزگار كردووه‌.

له‌ هه‌ژمارى خۆيدا له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر، ڤيان ده‌خيل ستايش و سووپاسى هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراقى كردووه‌ بۆ رزگاركردنى ئه‌و دوو ژنه‌ ئێزدييه‌.

له‌ 3ى ئاب/ ئۆگستى 2014دا و له‌ دواى داگيركردنى شارۆچكه‌ى شنگال له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ به‌ هه‌زاران ژنى ئێزدى له‌ لايه‌ن چه‌كدارانى داعشه‌وه‌ رفێنران و سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌كانى رزگاركردنيان تا ئێستا ژماره‌يه‌كيان چاره‌نووسيان به‌ ناديارى ماوه‌ته‌وه‌.

رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو، هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق گه‌يشتنه‌ ده‌وروبه‌رى فه‌لوجه‌ و هه‌وڵه‌كانيان چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و شارۆچكه‌يه‌ رزگار بكه‌ن.