ئه‌مه‌ریكا له عێراق ناكشێته‌وه
بلینكین به به‌رهه‌م ساڵح-ی گوتووه پابه‌ندین به عێراقه‌وه
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
ئێواره‌ی دوێنێ (28ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021) ئه‌نتۆنی بلینكین، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا "به‌رهه‌م ساڵح" سه‌رۆك كۆماری عێراقی دڵنیاكرده‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا ئیلتزامێكی درێژخایه‌نی له‌گه‌ڵ عێراقییه‌كان هه‌یه و پابه‌نده به‌و به‌ڵێنانه‌ی پێیداون و لێی په‌شیمان نابێته‌وه.
له‌په‌یوه‌ندییه‌كه‌یدا وه‌زیری ده‌ره‌وه پابه‌ندبوونی درێژخایه‌نی حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكای به عێراقێكی به‌هێز و ئارام و بوژاوه دووپاتكرده‌وه.
هه‌روه‌ها بلینكین دووپاتیكرده‌وه، كه باوه‌ڕی وایه شه‌راكه‌تێكی ستراتیژیی و درێژخایه‌ن و قووڵ و فره‌ڕه‌هه‌ند له‌گه‌ڵ عێراق خزمه‌تی خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.
وه‌زیری ده‌ره‌وه پێداگری له‌وه‌ش كردووه، كه ئه‌ركی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش كۆتایی نه‌هاتووه، به‌ڵام گۆڕاوه بۆ قۆناغێكی نوێ، كه پشت به توانای گه‌شه‌سه‌ندووی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق ده‌به‌ستێت.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌و پێیه‌ی سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ تێكشكاندنی داعش ده‌كات و به‌شێكه له ئه‌ركی ناتۆ له عێراق، له په‌یوه‌ندییه‌كه‌یدا وه‌زیری ده‌ره‌وه به سه‌رۆك كۆماری عێراقی گوتووه، كه هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و راهێنانه‌كانی هێزی عێراق ئێستا و ئاینده به‌رده‌وام ده‌بێت و راوێژكاریی پێشكه‌ش ده‌كات و عێراق-یش له توانایدایه وه‌ریبگرێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا داوای ئه‌وه‌ی له سه‌رۆك كۆماری عێراق كردووه، كه حكومه‌تی عێراق هه‌وڵبدات له 10ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی پاك و ئازاد به‌ڕێوه‌به‌رێت و ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه، كه حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی تیمی چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ر به‌نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكاری عێراق (یونامی) و نێرده‌ی چاودێری سه‌ر به یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات.
په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ر له سه‌ردانه‌كه‌ی ئیمانویل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا دێت بۆ عێراق تا به‌شداری له لوتكه‌ی ئاسایشی هه‌رێمایه‌تی بكات، كه ئامانج لێی كه‌مكردنه‌وه‌ی نائارامییه‌كانه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جه‌ختكردنه‌وه له رۆڵی عێراق، كه رۆڵی ناوه‌ندگیری ده‌گێڕێت.
به‌پێ راپۆرتێكی فرانس پرێس، ماكرۆن سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان دەکات و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده ناودار و باڵاكانی كورد كۆده‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی راپۆرته‌كه‌شدا هاتووه، له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا ماكرۆن بۆ به‌غدا، قه‌یرانی ئه‌فغانستان وایلێكرد كه كۆنگره رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌ی داپۆشێت سه‌باره‌ت به‌و پرسیارانه‌ی كه گره‌نتی پابه‌ندبوونی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌چه‌سپێنێت له دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان، بۆیه ماكرۆن به رۆژنامه‌نووسانی گوت: "فه‌ره‌نسا به‌رده‌وام ده‌بێت له به‌رده‌وامی هێزه‌كانی له عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكاش له عێراق بكشێته‌وه".
سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا گوتیشی: "به ره‌چاوكردنی ئه‌و بژاردانه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵیانده‌بژێرێت، پارێزگاری له بوونی خۆمان له عێراق ده‌كه‌ین".
هه‌روه‌ها "رۆیته‌رز" باس له‌وه‌ده‌كات، كه سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا به هه‌ریه‌ك له مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراقی گوتووه: "هه‌موو ده‌زانین پێویسته به ئاگابین له‌به‌رئه‌وه‌ی داعش (رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی) تا ئه‌مساته هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌رمان، من ده‌زانم كه به‌گژاچوونه‌وه و جه‌نگین له‌گه‌ڵ ئه‌م گرووپه تیرۆریستیانه له ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌ته‌كه‌تانه".
هه‌ربۆیه "رۆیته‌رز" نووسیویه‌تی: "كازمی و ساڵح به جیا به ماكرۆن-یان گوتووه عێراق و فه‌ره‌نسا دوو هاوبه‌شی سه‌ره‌كین له به‌ره‌نگاربوونه‌وه دژی تیرۆر".
26ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2021 له دواهه‌مین دیداری نێوان "جۆو بایدن"، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، میدیاكانی عێراق زیاد له پێویست دووپاتیانكرده‌وه، كه تا كۆتایی 2021 ئه‌مه‌ریكا ته‌واوی هێزه‌كانی له عێراق ده‌كێشێته‌وه، هه‌رچی میدیاكانی ئه‌مه‌ریكایه زیاتر تیشكیان خسته سه‌ر جیاوازی ئه‌ركی سه‌ربازی به رابردوو له ئێستادا.
له دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له پێنتاگۆن ته‌واو لێدوانه‌كانیان جیاوازه ده‌رباره‌ی عێراق و په‌یوه‌ندیییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی 28ی ئاب-ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌رخه‌ری راستییه‌كه، كه تێڕوانینی سیاسی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر كشانه‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه.
به‌پێی راپۆرتێكی ئه‌مڕۆ (29ی ئاب)ی "نیویۆرك تایمز"، به‌رپرسێكی پێنتاگۆن گوتوویه‌تی: "ئه‌مه‌ریكا پایه‌نده به‌و به‌ڵێنه‌ی ده‌یدات، كه له‌سه‌ر داوای مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كراوه، بۆیه پێنتاگۆن ره‌نگه ژماره‌ی هێزه‌كانی كه‌مكاته‌وه، كه ئێستا 2500 سه‌ربازه بۆ 1000 سه‌رباز و ناوه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت له‌شه‌ڕكه‌ره‌وه بۆ راوێژكار و راهێنه‌ر".
گوتیشی: "پێداچوونه‌وه به پۆڵێنكردنی رۆڵی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر وه‌ره‌قه ده‌شێت كازمی كه‌ڵكی لێوه‌رگرێت بۆ راگرتنی دڵی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران، به‌ڵام داواشی كردووه كه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بمێننه‌وه".
به‌رپرسێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له عێراق به "نیویۆرك تایمز"ی گوتووه: "له كۆتایی 2021 ئه‌مه‌ریكا رۆڵی وه‌ك شه‌ڕكه‌ر نامێنێت له عێراق، به‌ڵام پاشه‌كشه ناكات".
فرانس پرێس -یش ئاشكرای كردووه له دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول له رۆژی 26ی ئاب و داعشی خوراسان به‌رپرسیارێتی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ، ته‌واوی سه‌ركرده‌كانی ئه‌وروپای هێنایه‌وه سه‌ر باوه‌ڕێك، كه ترسی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش هه‌یه بۆ سه‌ر گۆڕه‌پانی عێراق و سووریا.
د.ی