ئه‌مه‌ریكا له‌ باره‌ی مانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق گومانه‌كان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌

کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر: ئێمە پابەندین بە پەیوەندیی دوورمەودا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی رۆبه‌رت پاڵه‌دینۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان- هەولێر 30/8/2021
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی رۆبه‌رت پاڵه‌دینۆ، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان- هەولێر 30/8/2021

K24 - هه‌ولێر:

رۆبه‌رت پاڵه‌دینۆ، كۆنسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌مێنێته‌وه‌ و بارودۆخی ئه‌فغانستان جیاوازه‌ و به‌ كوردیش گوتی: "جیاوازییه‌كه‌ی ئاسمان و رێسمانه‌".

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان گوتی: "سەرۆک بایدن لە گرنگی هەرێمی کوردستان و عێراق تێدەگات و بە روونی بە مستەفا کازمی گوتووە، سەقامگیری عێراق بۆ ناوچەکە گرنگە".

گوتیشی: " بارودۆخی عێراق و ئەفغانستان جیاوازە، شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە و بەرژەوەندییەکان وا دەخوازن پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراق بەردەوام بن".

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە: "بایدن، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، ئەمەریکا هەرێمی کوردستان و عێراق جێناهێڵێت، تەنیا هێزە شەڕکەرەکان لە عێراق دەگوازێتەوە".

راشیگەیاند: "ئێمە پابەندین بە پەیوەندیی دوورمەودا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی کوردستان و ئەمەریکا لە هەمووکات پتەوترە و بەردەوامیش دەبێت".

دووپاتیکردەوە: "هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە هەرێمی وکوردستان و عێراق نەبووە، سەرۆک بایدن، یەکێکە لەو سەرۆکانەی تێگەیشتنی قوڵی هەیە و دۆستایەتییەکی باشی لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان هەیە، حکومەتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەمێنێتەوە، بەیەکەوە دەبین بۆ ماوەیەکی دوور مەودا، سەرۆک بایدن زۆر پابەندە بە بە‌هێزکردن و بەرەو پێشوەبردنی ئەو پەیوەندییەکی کە هەمانە".

کونسوڵی ئەمەریکا، بە زمانی کوردی گوتی: "حەز دەکەم پەیوەندییەکان بگەیەنمە ئاستێکی بەرزتر، بۆ بەرژوەندی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا".

رۆبه‌رت پاڵه‌دینۆ، گوتی: "حکومەتی ئەمەریکا زۆر شانازی بە رۆڵی هێزی پێشمەرگە و ‌هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق دەکات، زۆر بە توانان لە تێکشکاندنی داعش. بەتایبەتی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، حکومەتی ئەمەریکا لە رێگەی دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی سەربازیی و راهێنان پشتیوانی پێشمەرگە دەکات، هەروەها حکومەتی ئەمەریکا پشتیوانی لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلارمان بۆ بەرەوپێشوەچوونی هێزەکانی پێشمەرگە دابین کردووە، پێشمەرگە داعشی تێکشکاند و ئێستا لە دۆخێکی زۆر باشتردایە".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، رۆبه‌رت پاڵه‌دینۆ، گوتی: "ئێمە وەک ئەمەریکا پاڵپشتی و لایەنگری هیچ لایەنێک ناکەین، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا پشتیوانی لە حکومەتی عێراق دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف کە جێی متمانەی خەڵک بێت، هیوادارین خەڵکی عێراقیش بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن و مومارەسەی مافی سیاسی خۆیان بکەن، ئەو هەڵبژاردنە بۆ خەڵکی عێراقە و لە دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا و عێراق، بەشێوەیەکی قوڵ باسی ئەو بابەتە کراوە، هیوادارین ئەو کەشە بڕەخسێت هاووڵاتییان بە ئازادانە بەشداری لەو پرۆسەیە بکەن، ئەمەریکا پشتیوانی لەو تیمە نێودەوڵەتیانە دەکات کە بۆ چاودێری هەڵبژاردن دێنە عێراق، خەڵکی عێراق حکومەت و پەرلەمانێکی دەوێت کە نوێنەرایەتیان بکەن و بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت".

لەبارەی داعش، کونسوڵی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا: "ئەگەر داعش پاشگوێ بخرێت، بێگومان چالاک دەبێتەوە. لەبەر ئەوەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەنێوشیاندا حکومەتی ئەمەریکا و عێراق، هەماهەنگن بۆ کۆتایی پێهێنانی داعش. هەموومان لە مەترسییەکانی داعش تێدەگەین، هیچ هەفتەیەک نییە لێرە هەواڵێکی ناخۆش لەسەر داعش نەبیستین، یەکێک لە کردەوەکانیان هێرشکردنە سەر تاوەرەکانی کارەبایە و دەیانەوێت بەم گەرمایە خەڵک بێ کارەبا بکەن، بۆیە پێویستە کە بەردەوام بین لە شەڕی دژی داعش، حکومەتی عێراقیش ئەو بابەتە دەزانێت و ئەمەریکاش پابەندە".

لە وەڵامێکی پەیامنێری کوردستان24 دەربارەی دۆخی شنگال و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال گوتی: "لەو بڕوایەداین رێککەوتنی شنگال باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شنگال، حکومەتی ئەمەریکا لە هەندێک بابەت نیگەرانە، بەتایبەتی لە پرسی ئاسایش و بەڕێوەبردنی ئیدارەی شنگال، قۆناغی زۆرمان لە پێشە و دەبێ ئیشی لەسەر بکەین، جێگەی داخە ئەو میلیشیایانەی لە شنگالن و لایەنگری ئێرانن رەتیان کردووەتەوە پابەندی رێککەوتنی شنگال بن، ئەم هێزانەی لەوێن بەردەوام کێشە بۆ حکومەتی عێراق دروست دەکەن. پەکەکە لە شنگال پەیوەندی لەگەڵ هێزە میلیشیاکان هەیە و ئەمەش دۆخەکەی خراپتر کردووە و کێشەی زیاتری دروستکردووە، هانی پەکەکە و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەدەین بە تەواوی لە شنگال بکشێنەوە، بۆ ئەوەی رێگە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال خۆش بێت، هیوادارین هێزی ئەمنی خۆجێی لە شنگال جێگیر بکرێت، دەخوازین هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگە ناوچەکە بپارێزن، بۆ رەخساندنی کەشێکی لەبار و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان".

لە کۆتایی کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەیدا کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، بە میدیاکارانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ کە لێرە قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم، مانای ئەوەیە حکومەتی ئەمەریکا زۆر بە گرنگییەوە تەماشای ئازادی راگەیاندن و بیروڕا دەکات. لێرەشەوە بەڵێنتان پێدەدەم ئەگەر ئێوە حەزدەکەن من بانگێشتان دەکەمەوە و لە داهاتوودا دەتوانن بێنەوە ئێرە، حکومەتی ئەمەریکا دەیەوێت پشتیوانی میدیا و کارەکەتان و ئازادی رادەربڕین بکات".

Fly Erbil Advertisment