مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ژنانی دووگیان راگه‌یه‌ندرا

له‌ باره‌ی ژنان و وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی رێنماییه‌كی نوێی ده‌ركرد

پێدانی ڤاكسین به‌ ئافره‌تێك، له‌ قوتابخانه‌ی فاخیر مێرگه‌سۆری، رۆژی 2ی ئه‌یلوولی 2021، وێنه‌: رێباز سیان (كوردستان24)
پێدانی ڤاكسین به‌ ئافره‌تێك، له‌ قوتابخانه‌ی فاخیر مێرگه‌سۆری، رۆژی 2ی ئه‌یلوولی 2021، وێنه‌: رێباز سیان (كوردستان24)

K24 – هه‌ولێر:

له‌ باره‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ژنانی دوو گیان، وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بڕیارێكی نوێی ده‌ركرد.

به‌ گوێره‌ی بڕیاره‌كان، ژنانی دووگیان دوای ته‌واوبوونی چوارمانگ له‌ دووگیانی و دوای ره‌زامه‌ندی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و واژووكردنی ته‌واوی فۆرمی زانیارییه‌كان، ده‌توانن ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ جۆری ڤایزه‌ر وه‌ربگرن.

بڕیاره‌كان:

یه‌كه‌م: به‌كارهێنانی پێكوته‌ی ڤایزه‌ر، كه‌ به‌ ته‌كنۆلۆژیای (MRNA) درووستكراوه‌ بۆ ئافره‌تانی دووگیان.

دووه‌م: بوونی هۆكاری مه‌ترسیدار وه‌كو تووشبوونی ژنانی دوو گیان به‌ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان، كه‌م خوێنی یان زیادبوونی كێشی له‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو.

سێیه‌م: ڤاكسین له‌ دوای ته‌واوكردنی مانگی چواره‌م له‌ دووگیانی ده‌درێت، به‌ مه‌رجێك له‌ ماوه‌ی نێوان وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌گه‌ڵ هه‌ر  ڤاكسینێكی دیكه‌ له‌ دوو هه‌فته‌ كه‌متر نه‌بێت.

چواره‌م: ڤاكسینه‌كه‌ له‌ ژێر چاودێری پزیشكی و به‌ شێوه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌درێت به‌ ژنانی دووگیان و دوای رازیبوونی ژنی دووگیان له‌سه‌ر هه‌موو زانیارییه‌كان و به‌ گوێره‌ی فۆرمی رازیبوون له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و ڤاكسینه‌ پێی ده‌درێت.

پێنجه‌م: هه‌وڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌سه‌ر گرنگی وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ئه‌و ژنانه‌ی دووگیانن چڕ بكرێنه‌وه‌.